لابردنی خاڵە گومرگییەکان بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی ھەرێم گرنگە

لابردنی خاڵە گومرگییەکان بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی ھەرێم گرنگە

یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان لابردنی خاڵە گومرگییەکانی نێوان ھەرێم و شارەکانی عێراق بە ھۆکارێک دەزانێت بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی ھەرێم.

یاسین مەحمود رەشید، وتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند: لە ماوەی رابردوودا جگە لە دانانی خاڵە گومرگییەکان، دروستبوونی چەند کێشەیەکی تر لە نێوان ھەرێم و عێراق کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و خاوبوونەوەی بازاڕی ھەرێم ھەبووە، چونکە بەشێک لە پیشەسازیی ھەرێم وابەستەیە بە بازاڕەکانی عێراقەوە.

وتیشی: جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە نێوان ھەرێم و بەغداد بۆ لابردنی خاڵە گومرگییەکان کراوە، کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر بووژاندنەوەی بازاڕی ھەرێم، چونکە بەرھەمێکی زۆر لە وڵاتانی دراوسێوە دێنە بازاڕەکانی ھەرێم و جارێکی تر لە ھەرێمەوە رەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن، بەرھەمە پیشەسازییەکانی ھەرێمیش لە چیمەنتۆ و ئاسن و بیناسازی و دەرمان و خواردەمەنی رەوانەی شارەکانی عێراق دەکرێت، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر بووژاندنەوەی کەرتی ئابووری و بازاڕەکانی ھەرێم.