قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیستۆنیا کۆبۆوە

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیستۆنیا کۆبۆوە

لەمیانی سەردانەکەی بۆ ئیستۆنیا، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ یوری راتاس سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبۆوە ئیستۆنیا بەڵێندا ھاوکاری ھەرێم بکات لەبواری حکومەتی ئەلیکترۆنیدا.

لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ ئیستۆنیا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ یوری راتاس سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیستۆنیا.

ھەر وەھا لە کۆبوونەوەکەدا  سوودوەرگرتنی ھەرێم لە ئەزموون و شارەزایی ئیستۆنیا بە تایبەتی لەبواری دامەزراندنی حکومەتی ئەلیکترۆنی گفتوگۆی لەبارەوە کرا و سەرۆک وەزیرانی ئیستۆنیا بڕیاریدا ھاوکاری ھەرێم بکەن لەبواری حکومەتی ئەلیکترۆنی.

ئەوەش لەکاتێکدا پێشتر قوباد تاڵەبانی لە"تالین"ی پایتەختی ئیستۆنیا سەردانی ئەکادیمیای حکومەتی ئەلکترۆنی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ئەکادیمیایە سەبارەت بە گرنگی بەسیستەماتیککردنی دامودەزگاکانی حکومەت گفتوگۆیان کرد، کە بەچ شێوازێک لەڕێگەی تەکنەلۆژیا و سیستەمی حکومەتی ئەلکترۆنی خزمەتی باشتر بەھاووڵاتیان بکرێت و کاروباری حکومەتیش ئاسانتر بکات.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ھیوادارە سوودمەندبن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئیستۆنیا سەبارەت بە حکومەتی ئەلکترۆنی، کە ئێستا لە کوردستانیش ھەنگاو بۆ ئەو سیستمە نراوە و لە قۆناغەکانی داھاتووشدا ھەنگاوی عەمەلی تر باشتر دەنێن بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری ھاووڵاتیان بکەن.