قوباد تاڵەبانی: رووداوی تەقەکردنەکەی شەوی رابردوو پەیوەندیی بە یەکێتییەوە نەبووە

قوباد تاڵەبانی: رووداوی تەقەکردنەکەی شەوی رابردوو پەیوەندیی بە یەکێتییەوە نەبووە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت: ڕووداوی‌ ته‌قه‌كردنی‌ شه‌وی‌ ڕابردووی‌ نزیك له‌ مەکۆی سەرەکیی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان په‌یوه‌ندیی‌ به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ نه‌بووه‌.

قوباد تاڵەبانی لەبارەی دەنگۆی تەقەکردن لە مەکۆی سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەردا رایگەیاندووە: رووداوی تەقەکردنەکەی شەوی رابردووی سەر بزووتنەوەی گۆڕان پەیوەندیی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە نەبووە و پۆلیسی‌ سلێمانییش لێکۆڵینەوەیان کردووە و راگەیەندراوێک بۆ روونکردنەوەی رووداوەکە بڵاودەکەنەوە.  

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لەوبارەیەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، شەوی ڕابردوو سەعات 1 و 30 خولەكی شەو گرژی و ئاڵۆزی دەكەوێتە نێوان كۆمەڵێك چەكدار و پاسەوان (سكیورتی)ی نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە، كە چەكدارەكان ویستوویانە بەزۆر بچنە ناو نەخۆشخانەكەوە و چەكدارەكان هێرشیان كردووەتە سەر سكیورتیەكان و تەقە دروست بووە لەبەردەم نەخۆشخانەكەدا و دوور لە مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان، بەهۆیەوە هاووڵاتیی (ڕ ، ف) برینداربووە و دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و بریندارەكەیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە گیانی لە دەستداوە.