عەلی باپیر هات بەدەم داواکەی قوباد تاڵەبانییەوە

عەلی باپیر هات بەدەم داواکەی قوباد تاڵەبانییەوە

عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەشداریی لە هەڵمەتی دارێک بچێنە و شارێک سەوز بکەدا کرد و دوو نەمامی چاند.

عەلی باپیر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا رایگەیاندووە: دوای داوای بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ چاندنی نەمامێک، وەک گرنگییدان بە ژینگە و زۆرکردنی سەوزایی هەڵسام بە ناشتنی دوو نەمام، کە یەکێکە لە ئامانجە شەرعییە گرنگەکان بۆ پاک و خاوێن و جوان راگرتنی سەر زەوی.

ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیران لە رۆژی جیهانیی ژینگەدا، قوباد تاڵەبانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی (دارێک بچێنە و شارێک سەوز بکە) کە لەلایەن کۆمەڵێک گەنجەوە راگەیەندراوە، نەمامێکی چاند.

دوای چاندنی نەمامەکە، قوباد تاڵەبانی، عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و دکتۆر چۆمان هەردی نووسەر و وەرگێڕی خستە چاڵنجەکەوە هەتا بەشداریی لە هەڵمەتی نەمام چاندنەکەدا بکەن.