عەلی باپیر: لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ نەمامێکم چاند

عەلی باپیر: لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ نەمامێکم چاند

عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم نەمامێکی چاند و لەلایەن خۆشیەوە داوای لە دوو کەسی تر کرد بەشداریی لە هەڵمەتی نەمام چاندنەکەدا بکەن.

لە ڤیدیۆیەکدا کە لە پەیجی یەڵڵا کوردی بڵاوکراوەتەوە، عەلی باپیر لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی، بەشداریی لە هەڵمەتی دارێک بچێنە و شارێک سەوزبکەدا دەکات و رایدەگەیەنێت: "ئەمڕۆ دەمەوێت نەمامێک بنێژم، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژینگەوە، دیارە لە ئیسلامدا گرنگیی زۆر دراوە بە پاراستن و پاکراگرتنی ژینگە".

عەلی باپیر رایگەیاندووە: من لەسەر داوای بەڕێز قوباد تاڵەبانی، کە داوای کردبوو نەمامێک بچێنم، ئەوە خوا پشتیوان بێت نەمامێک باش لێرە دەچێنین، وەک وتراوە نەمامێک بچێنە و شارێک سەوزبکە.

دواتر، عەلی باپیریش لەلایەن خۆیەوە داوای لە هادی عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی و یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی پێشووی کوردستان کرد لەلایەن خۆیانەوە نەمامێک بچێنن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە 5ی حوزەیران لە رۆژی جیهانیی ژینگەدا، قوباد تاڵەبانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی (دارێک بچێنە و شارێک سەوز بکە) کە لەلایەن کۆمەڵێک گەنجەوە راگەیەندراوە، نەمامێکی چاند.

دوای چاندنی نەمامەکە، قوباد تاڵەبانی، عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و دکتۆر چۆمان هەردی نووسەر و وەرگێڕی خستە چاڵنجەکەوە هەتا بەشداریی لە هەڵمەتی نەمام چاندنەکەدا بکەن.