عێراق ١٨٦ دەرفەتی وەبەرھێنانی خستۆتە بەردەم سعودیە

عێراق ١٨٦ دەرفەتی وەبەرھێنانی خستۆتە بەردەم سعودیە

عێراق ١٨٦ ھەلی وەبەرھێنانی خستۆتە بەردەم وەبەرھێنەرانی سعودیە و یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیش لە بواری کارەبا لەنێوان ھەردوو وڵات ئیمزا کراوە. 

ماجد بن عەبدوڵا قەسەبی  وەزیری وەبەرھێنانی سعودیە رایگەیاند، سەرجەم ئەو دەرفەتی وەبەرھێنانەی پێشکەشی ریاز کراوە لەلایەن بەغدادوە، تاوتوێ دەکرێن و باشترین ھەڵدەبژێردرێن بۆ وەبەرھێنان. وتیشی، ١٣ رێککەوتن بۆ ئیمزاکردن ئامادەیە و کارکردن لە دەروازەی "عەرعەر"ی سنوریش لە ماوەی ٦ مانگدا کۆتایی دێت. 

سامر عەباس غەزبان  سەرۆکی وەزیرانی کاروباری وزە لە لیژنەی رێکخستنی عێراق_سعودیە رایگەیاند، بەغداد لەگەڵ  ریاز یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی بۆ پێدانی وزەی کارەبا و دامەزراندنی وێستگەی کارەبای نوێ ئێمزا کردووە.  

لە ٤شەممەی رابردووەوە، وەفدێکی باڵای سعودی کە لە ١٠٠ کەس پێکھاتوون و ٩ وەزیر لە نێویاندا ھەبووە، سەردانی عێراقیان کردووە و لە کۆبوونەوەی دووەمی ئەنجومەنی رێکخستی سعودی عێراقی بەشدارییان کردووە.

لە رۆژی یەکەمی سەردانەکەشیاندا، سعودیە یەک ملیار دۆلاری وەک مینحە بۆ عێراق تەرخان کردووە، کە ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری قەرزە، بڕیاریش دراوە بە کردنەوەی ٣ کونسوڵخانەی نوێ لەو وڵاتە. 


\