عێراق دەست بەخەرجکردنەوەی پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێم دەکات

عێراق دەست بەخەرجکردنەوەی پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێم دەکات

لەچەند رۆژی داھاتوودا،  بەغداد دەست بە خەرجکردنەوەی پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکات کە بڕەکەی نزیکەی ١٦١ ملیار دینارە.

خەسرەو شەوکەت فەتاح: سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی جوتیارانی کوردستان، بەکوردسات نیوزی ڕاگەیاند ، بە بیانووی ئەوەی ھەرێمی کوردستان برێکی زیاتر گەنمی رەوانەی عێراق کردووە، بەغداد پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ ڕاگرت، بەم نزیکانە،  بەغداد دەست بە خەرجکردنەوەی پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکات کە  بڕەکەی نزیکەی ١٦١ ملیار دینارە.

خەسرەو شەوکەت وتیشی، دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک جوتیاری ھەرێمی کوردستان سکاڵایان تۆمار کردبوو ، سکاڵاکەیان بردەوە ، پێویست بوو وەزارەتی بازرگانی عێراقی پارەکەی خەرج بکردایە ،  بەڵام ئەو کارەی نەکرد.

لە ئێستاشدا سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچوونەوەی عیراق ، بڕیاری داوە ئەو پارەیە جەرجبکرێت و  پارەکەش  دراوەتە  وەزارەتی دارایی عێراقی و چاوەڕوان دەکرێت لەماوەی چەند ڕۆژی داھاتوودا ڕەوانەی وەزارەتی بازرگانی ھەرێمی کوردستان بکرێت و بدرێتەوە بە جوتیاران .