شینزۆ ئابی بۆ نێوەندگیریی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتە تاران

شینزۆ ئابی بۆ نێوەندگیریی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتە تاران

شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بە ئامانجی نێوەندگریی نێوان ئێران و ئەمریکا، بۆ سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە ئێران.

ئابی یەکەمین سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنە کە لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979وە سەردانی ئەو وڵاتە بکات، سەردانەکەشی لە کاتێکدایە، ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست تا دێت قووڵتر دەبنەوە.

دوو ھەفتە پێش ئێستا، شینزۆ ئابی میوانداریی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکای کرد و لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکەوە گفتوگۆیان کرد.

ژاپۆن ھاوپەیمانێکی ئەمریکایە، لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەندییەکی مێژوویی بازرگانیی لەگەڵ ئێراندا ھەیە و یەکێکە لە کڕیارانی سووتەمەنی ئەو وڵاتە.

بەپێی خشتەی کارەکانی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، وا چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران و ژمارەیەک لێپرسراوی تر کۆببێتەوە و رۆژی پێنجشەممەش چاوی بە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بکەوێت.

پێش سەردانەکەی بۆ تاران، شینزۆ ئابی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ژاپۆن ھەوڵی بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی دەدات لە ناوچەکە، ئەوەش بە نێوەندگیری و ئاڵوگۆری بۆچوونەکان بۆ چارسەرکردنی گرژیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران".

لەلایەکی تریشەوە ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئێرانیەوە رایگەیاندووە: تاران داوای نێوەندگیری لە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن دەکات، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی ئەو سزا ئابووریانەی ئەمریکا بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا سەپاندوویەتی.