شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: قۆناغی به‌ڵێندان به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان تێپه‌ڕێنن‌

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: قۆناغی به‌ڵێندان به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان تێپه‌ڕێنن‌

له‌ په‌یامێكدا بۆ یاده‌وه‌ریی بۆردومانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ بە چەکی کیمیایی، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د داوا ده‌كات وه‌زاره‌تی‌ شه‌هیدان بگوازرێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌.

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بۆ تێپه‌ڕبوونی‌ 31 ساڵ به‌سه‌ر بۆردومانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ بە چەکی کیمایی پەیامێکی له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ی فه‌یسبووكدا بڵاویكردووەته‌وه‌ و داوا ده‌كات كه‌ قۆناغی به‌ڵێندان به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان تێپه‌ڕێنن‌ و وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاویش وه‌زاره‌تی‌ شه‌هیدان‌ و كاروباری‌ ئه‌نفالكراوان به‌ فه‌رمی‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ پایته‌خت كراوه‌ به‌ جه‌مسه‌ر و سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت‌ و فه‌رمانگه‌كان به‌ره‌و هه‌ولێر گوازرانه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا به‌و پێیه‌ی‌ (سلێمانی‌ پایته‌ختی‌ رۆشنبیری)ه‌، ده‌كرا وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری له‌ سلێمانی‌‌و (هه‌ڵه‌بجه‌)ش به‌و پێیه‌ی‌ پایته‌ختی‌ ئاشتییه‌، وه‌زاره‌تی‌ شه‌هیدانی‌ بۆ بگوازرێته‌وه‌، هه‌ر له‌و په‌یامه‌دا ئاماژه‌ به‌ پێویستی‌ دروستكردنی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ باڵای‌ حكومی‌ ده‌كات بۆ گه‌ڕانێكی‌ ته‌واوه‌تی‌‌و گشتگیر به‌دوای‌ مناڵه‌ ونبووه‌كانی‌ كاره‌ساتی‌ هه‌ڵه‌بجه، كه‌ ده‌ستكراوه‌بن ‌و پشتیوانی‌ی زۆر له‌و لیژنه‌یه‌ بكرێت.

دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد..

ئازاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ پڕ ئازاردا 

سی‌و یه‌ك ساڵ تێده‌په‌ڕێ‌و هێشتاش هه‌ڵه‌بجه‌ برینی‌ لێده‌تكێ، ئێستاش بۆنی‌ سیۆ به‌ دره‌خته‌ نیوه‌ رۆحه‌كانی‌ شه‌قامه‌كانه‌وه‌ هه‌ر ماوه‌، چه‌ندی هاواریان كرد "به‌ ته‌نها جێم مه‌هێڵن"، كه‌چی رۆیشتین‌و رێگه‌ماندا شه‌ماڵی‌ دڵڕه‌قی‌و خه‌مناكی بیانڕفێنێ‌، ئه‌وێ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، تائێستاش برینداره‌كانی‌ شوێنی‌ ئازار به‌جه‌سته‌و رۆحیانه‌وه‌ ماوه‌، هێشتاش پیره‌ دایك شه‌قام به‌ شه‌قامی‌ تاران‌و قوم‌و ته‌ورێز به‌شوێن رۆڵه‌ ونبووه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێت، له‌وێ‌و له‌و شاره‌ تانوكه‌ش كوشنده‌یی چاوه‌ڕوانی‌ خانه‌واده‌كان بۆ ناسینه‌وه‌ی‌ مناڵێكی‌ په‌رتبوویان ئۆقره‌ی‌ لێ بڕیوون، چه‌نده‌ خه‌مێكی‌ قوڵه‌، دایكێكی‌ كوردی زمان ته‌نها به‌ بۆنه‌كه‌ی‌ رۆڵه‌كه‌ی‌ بناسێته‌وه‌، كه‌ به‌ فارسی ده‌رده‌ڵی‌ غوربه‌ت‌و ته‌نهایی بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌. له‌بۆنه‌ی‌ سی‌و یەک  ساڵ تێپه‌ڕین به‌سه‌ر ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌، جارێكی‌ تر سه‌ره‌خۆشی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ده‌كه‌م و  دروود بۆ رۆحی‌  بێگه‌ردی‌ شه‌هیده‌كانی‌ ده‌نێرم.
ئێستا هه‌ڵه‌بجه‌ بۆته‌ پارێزگا، ئه‌و هه‌نگاوه‌ شایسته‌ به‌مێژوو و قوربانییه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌یه‌، به‌ڵام هێشتاش شتی دیكه‌ هه‌یه‌ ده‌بێت بۆی بكرێت، ئێستاش ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ پێناو هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌نگاوی به‌كرده‌وه‌تر بنێرێت، ئاخر خۆ به‌ ته‌نها پرۆسه‌ی‌ به‌ پارێزگاكردنی‌ ئه‌وێ به‌س نییه‌ بۆ كۆتایی ئازاره‌كان‌و سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه‌ی‌ ئومێد، به‌ڵكو له‌پاڵ ئه‌و بڕیاره‌دا، پێویسته‌ هه‌نگاوی سیاسی‌و ئابووری‌و كارگێڕی گه‌وره‌ چ له‌سه‌ر ئاستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و ته‌نانه‌ت حكومه‌تی ناوه‌ندیش بنرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێكی‌ كه‌م له‌ مه‌ینه‌تیه‌كانی‌ ئه‌و جوگرافیا خه‌مناكه‌ی‌ ئه‌وێ كه‌م بكرێته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ وه‌ك سروده‌ به‌سۆزه‌كه‌ی‌ "به‌ته‌نیا جێم مه‌هێڵه‌" جارێكی‌ تریش به‌ته‌نها جێیان نه‌هێڵینه‌وه‌، داوا ده‌كه‌م:
ـ له‌سایه‌ی‌ حوكمڕانیكردنی‌ مه‌ركه‌زیی هه‌رێمیی كوردستان‌و سه‌ندنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ پارێزگاكان‌و به‌جه‌مسه‌ركردنی‌ پایته‌خت، كۆی‌ دامه‌زراوه‌و فه‌رمانگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، له‌كاتێكدا ده‌شیا له‌چه‌ند ساڵی رابردودا هه‌روه‌ك نیازپاكی‌و راستگۆیی له‌به‌رامبه‌ر نازناوه‌كان كه‌ ده‌ڵێن "سلێمانی‌ پایته‌ختی‌ رۆشنبیریی"ه‌‌و "هه‌ڵه‌بجه‌ پایته‌ختی‌ ئاشتی‌"، ده‌كرا وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیریی له‌ سلێمانی‌ بوایه‌و وه‌زاره‌تی‌ شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوانیش له‌هه‌ڵه‌بجه‌، به‌مه‌ش  نیشانده‌درا كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ستراتیژیه‌تی‌ حوكمڕانی‌ كوردستانیدا پێگه‌و مه‌قامێكی‌ باڵای‌ هه‌یه‌و یاده‌وه‌رییه‌ به‌سوێیه‌كه‌ی‌ هه‌رگیز له‌ بیرناچێته‌وه‌.
ـ دۆزینه‌وه‌ی‌ رۆڵه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردوو، یه‌كلاییبوونه‌وه‌ی‌ چاره‌نوسی ئه‌و مناڵه‌ گومبوانه‌ی‌ رۆژگاری‌ كاره‌ساته‌كه‌، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند رێكخراوێكی‌ خۆبه‌خش كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆته‌ وه‌زیفه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ خانه‌واده‌كان، له‌بنه‌ڕه‌تیشه‌وه‌ ئه‌و وه‌زیفه‌ ده‌بێت حكومه‌ت پێی هه‌ڵسێت، پێویسته‌ له‌پێناو مناڵانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌، لیژنه‌یه‌كی‌ پسپۆڕی ده‌ستكراوه‌ له‌رووی‌ داراییه‌وه‌ به‌گرتنه‌به‌ری‌ هه‌موو رێكاره‌ میدیایی‌و یاسایی‌و ته‌ندروستییه‌كان گه‌ڕانێكی‌ راسته‌قینه‌ ئه‌نجام بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ دواجار دوا رۆڵه‌ی‌ دابڕاوی هه‌ڵه‌بجه‌یی به‌ خانه‌واده‌كانیان شاد بكه‌نه‌وه‌.
ـ   له‌گه‌ڵ چه‌ندین هه‌نگاوی تردا، له‌چه‌شنی‌ كردنه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ شوێنه‌واره‌كانی‌ به‌كارهێنانی‌ گازی‌ ژه‌هراوی‌‌و هه‌نگاونان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ مادی له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقیه‌وه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ راسپارده‌كانی‌ به‌جینۆسایدناساندنی‌ له‌لایه‌ن رێكخراوو دادگاكانه‌وه‌، هه‌روه‌ك ته‌رخانكردنی‌ بودجه‌یه‌كی‌ شایسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌می‌ به‌ پارێزگابووندا ژێرخان‌و په‌یكه‌ری‌ به‌ڕێوه‌بردنێكی‌ شایسته‌ له‌رووی‌ بیناوه‌ ده‌سته‌به‌ر بكرێت، له‌گه‌ڵ چه‌ندین هه‌نگاوی تردا، كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان له‌ شانزه‌ی‌ سێدا ده‌یخوازن‌و نایانه‌وێت چیتر وه‌ك به‌ڵێنێك له‌سه‌ر كاغه‌زی‌ حاكمه‌كان بمێنێته‌وه‌.

شانازئیبراھیم ئەحمەد 
١٥-٣-٢٠١٩