سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی روونکردنەوە دەدات

سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی روونکردنەوە دەدات

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی پەیوەندییەکان لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی وتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی روونکردنەوەی بۆ کوردسات نیوز دا و رایگەیاند: بە ویستی خۆی دەستی لە پۆستەکەی کێشاندووەتەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی وتەبێژی مەکتەبی سیاسیی بە کوردسات نیوزی راگەیاند: ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە سلێمانی، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەم خستە بەر دەستی ئەندامانی سەرکردایەتی و داواکاربووم کەسێکی تر لەو پۆستەدا دەستنیشان بکەن.

سەعدی پیرە لەبارەی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی لەو پۆستە بە کوردسات نیوزی وت: لەئێستادا راپەڕاندنی کارەکانی پەیوەندییە کوردستانییەکان و پەیوەندییە گشتی و نێودەوڵەتییەکان بەیەکەوە لەگەڵ ئەرکی وتەبێژیدا ئەستەمە و لەگەڵ کاتی مندا ناگونجێت، بۆیە بە ویستی خۆم داوای دەستلەکارکێشانەوەم کردووە.

راشیگەیاند: بەداخەوە لە هەندێك لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە گوایە لە پۆستەکەم دوورخراومەتەوە یاخود بە بڕیارێکی سیاسی لابراوم، بۆیە لێرەوە بە ڕاشکاوانە رایدەگەیەنم: من بە ئازادی و بە رای خۆم و بۆ ئەوەی کاتی زیاتر بدەم بە مەکتەبی پەیوەندییەکان کە لێی بەرپرسم، دەستم لەکارکێشاوەتەوە.