سیناتۆرێکی ئەمریکا: دوو گورزی سەربازی بەسن بۆ سەرکەوتن بەسەر ئێراندا 

سیناتۆرێکی ئەمریکا: دوو گورزی سەربازی بەسن بۆ سەرکەوتن بەسەر ئێراندا 

سیناتۆرێکی ئەمریکا دەڵێت: دوو گورزی سەربازی بەسن بۆ ئەوەی ئەمریکا سەربکەوێت بەسەر ئێراندا.

تۆم کۆتۆن سیناتۆری ئەمریکی لە بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی PBS لە بارەی ئەگەری لێکەوتەی شەڕ لەنێوان ئێران و ئەمریکا و ئەگەری سەرکەوتنی واشنتۆن لەو شەڕەدا رایگەیاند: بەڵێ، دوو گورز بەسن، گورزی یەکەم و گورزی کۆتایی.

سیناتۆرەکە راشیگەیاندووە: من پشتگیریی پێکدادانی سەربازی ناکەم دژی ئێران، من پەیامی خۆم راشکاوانە دەردەبڕم، ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەوە هەنگاوێکی هەڵەیان گرتووەتە بەر و ئەمریکاش وەڵامێکی تووندی دەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمریکا تا دێت ژمارەی هێزەکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر دەکات و لە نوێترین کاردانەوەشدا، بەهۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، ئەڵمانیا مەشقپێکردنی سوپای عێراقی راگرت و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش داوای گەڕاندنەوەی ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی باڵیۆز و کونسوڵخانەکەی کرد لە عێراق و مامەڵەی ڤیزاشی بۆ ماوەیەکی کاتیی راگرت.