ساڵێکی تر بەسەر کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە تێدەپەڕێت

ساڵێکی تر بەسەر کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە تێدەپەڕێت

بە دروشمی"ھەڵەبجە بەرەو ھیوا- ھەڵەبجە بەرەو ژیان" سی و یەکەمین ساڵیادی تاوانی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ سەعات ١٠ی بەیانی لە ھۆڵی داخراوی ھەڵەبجە بە ئامادەبوونی لێپراسراوانی باڵای حکومەتی ھەرێم و عێراق و نوێنەری کونسوڵ و باڵیۆزخانەی وڵاتان لە ھەرێم و عێراق سی و یەکەمین ساڵیادی تاوانی کیمیابارانی بەرێوەدەچێت.

چالاکییەکانی ساڵیادی تاوانی کیمیابارنی ھەڵەبجە سێ رۆژ دەخایەنێت ، ھاوکات رۆژانی ١٧ و ١٨ی مانگیش لە ھەریەکە لە قەزای سەیدسادق و شارەزوور و پێنجوێن چەندین چالاکی بەڕێوە دەچن.

وتەبێژی رێورەسمی ٣١ەمین ساڵیادی کیمیاییبارانی ھەڵەبجە رایگەیاند، تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ یادکردنەوەی جینۆسایدی ھەڵەبجە کۆتایی ھاتووە.

٣١ ساڵ بەرلە ئێستاو لە ١٦/٣/١٩٨٨ ڕژێمی پێشوی بەعس بەچەکی قەدەغەکراوی کۆکوژی کیمیاویی پەلاماری ھەڵەبجەیدا و شارەکەی جینۆساید کرد، لەئەنجامی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا زیاتر لە ٥ ھەزار ھاووڵاتی لە ژن و مناڵ و گەنج و پیر شەھیدبوون و ژمارەیەک ھاووڵاتیش برینداربون ، ھەروەھا زیاتر لە ١٧٠ مناڵیش تا ئێستا چارەنوسیان بەنادیاری ماوەتەوە و خانەوادەکانیان لە چاوەڕوانی ھاتنەوەیاندان.