سبەینێ‌ نوێنەری وەزارەتی بەرگری عێراق سەردانی هەرێم دەكات

سبەینێ‌ نوێنەری وەزارەتی بەرگری عێراق سەردانی هەرێم دەكات

بڕیارە سبەینێ‌ نوێنەری وەزارەتی بەرگری عێراق سەردانی هەرێم بكات بۆ روونكردنەوەی دابەش بوونی هێزەكانی فیدراڵی و هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لە خانەقین تا سحێلا.

"جەبار یاوەر"ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە كوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی دوو شەممە سێ‌ ئەفسەری وەزارەتی بەرگری عێراق بە نوێنەرایەتی وەزارەت سەردانی هەرێم دەكەن بۆ روونكردنەوەی كاروبارەكانیان لە روپێوكردنی هێڵی دابەش بوونی هێزەكانی فیدراڵی عێراق و هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لە قەزای خانەقین تا ناحیەی سحێلا.
"جەبار یاوەر"وتیشی، لە ماوەی رابردوودا دوو لیژنەی باڵا لە نێوان وەزرەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە دامەزراوە، هەروەها 5 لیژنەی ناوچەیش لە هەریەك لە وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگە دامەزراون بۆ هەماهەنگی كردن لە نێوان هەردوو وەزارەتدا، بە مەبەستی دامەزراندنی ناوەندی هاوبەش و هێزی هاوبەش و ئۆپراسیۆنی هاوبەش دژ بە تیرۆریستانی داعش ئەنجام بدرێت لەو ناوچانەی جموجوڵی تیرۆریستانی تێدا زیاتر بووە.