ساڵێك بەسەر کۆچی دوایی ستیفن هاوکینگدا تێپەڕدەبێت

ساڵێك بەسەر کۆچی دوایی ستیفن هاوکینگدا تێپەڕدەبێت

ساڵێك بەسەر کۆچی ستیڤن هاوکین، گەردوونناس و فیزیای تیۆریی بەریتانیدا تێپەڕدەبێت، بۆ رێزلێنانیش لەو زانایە، داڕشتگەی دراوی شاهانەی بەریتانیا، ناوی هاوکینگ و کونەڕەشەکانی خستە سەر دراوی کانزایی 50 پێنسی.

لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی رابردوو، ستیفن هاوکینگ لە تەمەنی 76 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، بەهۆی تێپەڕبوونی ساڵێکیش بەسەر کۆچی دوایی ئەو زانایەدا، داڕشتگەی دراوی شاهانەی بەریتانیا، بۆ رێزلێنان لە کارەکانی، ناوی ستیفن هاوکینگ و وێنەی (کونە ڕەشەکان) و رێسای ناسراوی هاوکینگ  (S = kc^3 A / 4ℏG)ی خستووەتە سەر دراوی کانزایی 50 پێنسی.

ستیفن هاوکینگ، گەردوونناس و زانای بواری فیزیای تیۆری، ناوی تەواوی (ستیفن ویلیام هاوکینگە)، لە رێکەوتی 1942/1/8 هاتووەتە دنیاوە و لە بواری فیزیا و گەردوونناسیدا چەندین کتێبی گرنگی نووسیوە، لەوانە (کورتیلەیەک لە مێژووی کات، دیزاینی مەزن، گەردوون لە توێکڵە گوێزێکدا و چەندین کتێبی تر و دوایین کتێبیشی ساڵی رابردوو بڵاوکرایەوە بە ناوی (وەڵامە کورتەکان بۆ پرسیارە گەورەکان).

هاوکینگ لە ماوەی ژیانیدا توانیویەتی چەندین لایەنی شاراوەی گەردوون، بەتایبەتی کونەڕەشەکان بناسێنێت، هەروەها رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ناساندنی دیاردە گەردوونی و تیۆرییە فیزیاییە ئاڵۆزەکان بە کۆمەڵانی خەڵک. هاوکینگ لە تەمەنی گەنجییەوە دووچاری نەخۆشیی ALS دەبێت، بەوهۆیەشەوە تەواوی جەستەی لەکاردەکەوێت و تەنانەت توانای قسەکردنیش لەدەستدەدات، بۆیە تەواوی ژیانی لەسەر کورسییەکی جوڵاو بوو و لەڕێی سیستمێکی کۆمپیوتەرییەوە ئاخاوتنی ئەنجامدەدا.

بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێکیش بەسەر کۆچی دوایی ستیفن هاوکینگ، سەعات 4:00ی پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ، لە بەرنامەی (کوردسات تایمز)دا تەوەرێکی تایبەت لەبارەی هاوکینگەوە ئامادەکراوە و بۆ ئەو مەبەستەش میوانداریی حسێن رابی، مامۆستای زانکۆ و وەرگێڕی کتێبەکانی هاوکینگ کراوە