سائیرون داوای دوورخستنەوەی باڵیۆزی عێراق لە ئەمریکا دەکات

سائیرون داوای دوورخستنەوەی باڵیۆزی عێراق لە ئەمریکا دەکات

کاردانەوەکانی لێدوانەکەی باڵیۆزی عێراق لە ئەمریکا بەردەوامە، لەو چوارچێوەشدا دەوڵەتی یاسا و ھاوپەیمانیی سائیرون و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، داوای دوورخستنەوەی ئەو باڵیۆزە دەکەن.

حەمدلا رەکابی وتەبێژی فراکسیۆنی سائیرون لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاندووە: لێدوانەکانی باڵیۆزی عێراق لە ئەمریکا لەبارەی ئیسرائیلەوە تووشی سەرسوڕمانی کردووین، چونکە ئەو باڵیۆزە سنووری دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەراندووە. 

ھاوکات وتەبێژی فراکسیۆنی سائیرون داواشی لە حکومەتی عێراق کرد، باڵیۆزی عێراق لە ئەمریکا بانگھێشت بکەن و لەسەر تێپەڕاندنی سنووری دەسەڵاتەکانی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. 

لەلایەن خۆشیەوە، حسێن کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندووە: لێداوانەکانی باڵیۆزەکەی عێراق لە ئەمریکا گوزارشت لە بۆچوونی رەسمیی عێراق ناکەن. 

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران داواشی لە وەزارەتی دەرەوە کرد، رێوشوێنی یاسایی لەبارەی قسەکانی ئەو باڵیۆزە بگرنەبەر، لەلایەکی تریشەوە دەوڵەتی یاسا لە راگەیاندراوێکدا ھۆشداریی دا لەوەی رێگانەدرێت پشتیوانانای رژێمی بەعس لە پۆستە دبلۆماسیەکان جێگیربنن.
   
ھەفتەی رابردوو، فەرید یاسین باڵیۆزی عێراق لە ئەمریکا، لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەبارەی سەودای سەدەوە رایگەیاند: کۆمەڵێک ھۆکاریی بابەتیی ھەن کە وادەکەن عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بکاتەوە.