زەریف: ئێران لە هەر هەوڵێکی دوژمنکارانە بەرگریی لەخۆی دەکات

زەریف: ئێران لە هەر هەوڵێکی دوژمنکارانە بەرگریی لەخۆی دەکات

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغداد رایگەیاند: ئێران لە بەرامبەر هەر هەوڵێکی بەرپابوونی جەنگدا بەرگریی لەخۆی دەکات. هاوتا عێراقییەکەشی پشتیوانیی بەغدادی بۆ تاران دووپاتکردەوە.

لەگەڵ هەڵکشانی ئاڵۆزییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ململانێی ئێران و ئەمریکا و چڕبوونەوەی گەمارۆکانی سەر تاران، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕکردووەتەوە، ئەویش بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە گشتی و وڵاتانی کەنداو بە تایبەت.

زەریف دوای سەردانەکەی بۆ پاکستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە، دوێنێ سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و محەمەد عەلی حەکیمی هاوتا عێراقییەکەی کۆبووەوە و باسیان لە دوایین پێشهاتی ناوچەکە و هەوڵەکانی دوورخستنەوەی جەنگ کرد.

ئەمڕۆ رۆژی یەکشەممە زەریف لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی رایگەیاند: ئێران بەرگریی لە خۆی دەکات و بەرەنگاری هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانەی سەربازی یاخود ئابووری دەبێتەوە. هاوکات داواشی لە وڵاتانی ئەورووپا کرد کاری زیاتر بکەن بۆ پاراستنی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، کە سآڵی پار ئەمریکا تاکلایەنە لێی کشایەوە.

لەلایەن خۆشیەوە، محەمەد عەلی حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئێران دەربڕی و رایگەیاند: عێراق بە هەموو شێوەیەک لە پشتی ئێران دەوەستێت و رێوشوێنەکانی واشنتۆنیش دژی تاران رەتدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی سەرجەم لایەنەکان بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستەش، عێراق بەشداری لە لووتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە سعودیە دەکات.

ئاسایشی کەنداو و هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کە واشنتۆن پەنجەی تۆمەت بە تاران رادەکێشێت، لایەنێکی تری هەوڵە زەریف و تیمە دیپلۆماسییەکەیەتی، زەریف لە بەغداد ئاشکرایکرد، ئێران دەیەوێت پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی کەنداو دروستبکات و لەوبارەیەشەوە پێشنیازی بەستنی رێککەوتنێکی کرد کە هیچ هیرشێک لەنێوانیان هەردوولادا ئەنجامنەدرێت.

بۆ مەبەستی باشکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی کەنداو، میدیاکانی عوممان بڵاویانکردووەتەوە، ئەمڕۆ عەباس عەراقچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی سەڵتەنەتی عوممان دەکات و لەگەڵ یوسف بن عەلەوی بن عەبدوڵڵا وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا تاووتوێی بەرەوپێشچوونەکانی ناوچەکە بکات.