زیانەکانی بەکارهێنانی برژانگی دەستکرد

زیانەکانی بەکارهێنانی برژانگی دەستکرد

برژانگ لەگەڵ ئەوەی جوانییەکی تایبەت بە ڕووخسار و چاو دەبەخشێت لەهەمان کاتدا کاری سەرەکی پارێزگاری کردنی چاوە لە تۆز و خۆڵ و ئارەق و پیسی کەش و هەوا .

گەشەکردنی تاڵێکی نوێی برژانگ پێویستی بە چوار بۆ شەش مانگ هەیە، لەهەمانکاتدا تەمەنی هەر تاڵێك ١٠٠ بۆ ١٥٠ ڕۆژە ، دواتر لەناو دەچێت .

بەشێك لە خانمان بۆ جوانترکردنی ڕووخساریان برژانگی دەستکرد بەکاردەهێنن ، بەڵام توێژینەوە زانستییەکان چەندین زیانی بەکارهێنانی برژانگی دەستکرد دەخەنە ڕوو .

پڕۆفیسۆر کریستیانا بایرڵ، بە ڕێوەبەری نەخۆشخانەی نەخۆشییەکانی پێست لە وڵاتی ئەڵمانیا باس لەوە دەکات بەکارهێنانی برژانگی دەستکرد دەبێتە هۆی دروست بوونی هەستیاری ئەکزیما ( ئەکزیما نەخۆشیەکی پیێستە) لە دەوروبەری چاو ئەوەش دەبێتە هۆی ئاوسانی بەشی سەر و خواری چاو بۆ ماوەیەکی دیاری کراو .

پسپۆڕان ئەوەش دەخەنە ڕوو کە برژانگی دەستکرد دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی پێڵوی چاو و دروستبوونی ئازار و خورانی چاو و قورسی جوڵەی پێڵوەکان .