رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار بەڕێوەچوو

رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار بەڕێوەچوو

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، بەڕێوەچوو.

لە ٩١ەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا کە لە ھۆڵی شانۆیی (دۆلبی) لە شاری لۆس ئەنجلوس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەڕێوەچوو، فیلمی کۆمیدی (کتێبی سەوز) لە دەرھێنانی (پیتەر ڤاریلی)، خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین فیلم و باشترین سیناریۆی رەسەن  پێبەخشراو  (ئەلفۆنسۆ کوارۆن)ی دەرھێنەری مەکسیکیش، خەڵاتی باشترین دەرھێنەری لە فیلمی "رۆما"، پێبەخشرا.

وەک پێشتریش پێشبینی کرابوو، (رامی مالیک) خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕی لە فیلمی (بوھیمیان رابسودی) ،بەدەستھێناو (ئەولیڤیا کوڵمان)یش خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی لە فیلمی (زە فەیڤەریت) ، بەدەستھێنا.

(ماھر شالا عەلی) خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین ئەکتەری یاریدەدەر کوڕی لە فیلمی (کتێبی سەوز) بەدەستھێناو (ریجینا کینگ) یش خەڵاتی باشترین ئەکتەری یاریدەدەری ژنی لە فیلمی (ئیف بێڵ ستریت کود تۆک) ، بەدەستھێنا.

فیلمی رۆما کە لەلایەن (ئەلفۆنسۆ کوارۆن)ی مەکسیکی کاری دەرھێنانی بۆ کراوە، خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین فیلمی بیانیی پێبەخشرا.

فیلمی(ئینتو زە سپایدەر ڤاس)  خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین فیلمی ئەنیمەیشن لە خولی ٩١-یەمینی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاری بەدەستھێنا.