رۆژنامەیەکی ئەمریکا: زڕبراکەی کیم کاری بۆ ھەواڵگریی ئەمریکا کردووە

رۆژنامەیەکی ئەمریکا: زڕبراکەی کیم کاری بۆ ھەواڵگریی ئەمریکا کردووە

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، زڕبراکەی سەرۆکی کۆریای باکوور کە لە ساڵی 2017 لە مالیزیا کوژرا، کاری بۆ دەزگای ھەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا کردووە. 

ئەو رۆژنامەیە نووسیویەتی، کیم جۆنگ نام زڕبرای کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور، بۆ ئاژانسی ھەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا CIA کاری کردووە و تا ئێستاش CIA ھیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە. 

وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری لێپرسراوانی پێشووی دەزگاکەوە رایگەیاندووە: کیم جۆنگ نام پەیوەندیی بە دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتانی تریشەوە ھەبووە، بە تایبەتیش چین. 

لێپرسراوانی کۆریای باشوور و ئەمریکا پێیانوایە، لە پیۆنگ یانگەوە فەرمانی کوشتنی زڕبراکەی سەرۆکی کۆریای باکوور دەرچووە، چونکە دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و فەڕەمانڕەواییەکەی وەستاوەتەوە، بەڵام پیۆنگ یانگ ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە. 

دوو ژن بە تۆمەتی ژەھراویکردنی زڕبرای کیم جۆنگ ئۆن بە گازی دەمار لە فڕۆکەخانەی کوالالمبۆر لە شوباتی 2017  تۆمەتبارکران، کە بە وتەی شایەتحاڵەکان و تۆماری ڤیدیۆیی فڕۆکەخانەکە، نام لەلایەن دوو ژنەوە پەلامار دەدرێت و دواتر نام دەچێت بە چەند کارمەندێکی فڕۆکەخانەکە دەڵێت کە دوو ژن پەڕۆیەکی تەڕیان داوە لە دەموچاوی و بەوهۆیەشەوە هەست بە سەرگێژبوون دەکات.

مالیزیا یەکێک لە تۆمەتبارەکانی کە بە رەگەز ڤێتنامییە لە مانگی مایسدا ئازادکرد و لە مانگی ئازاریشدا ژنەکەی تر کە بە رەگەز ئیندۆنیسییە بەھەمان شێوە ئازادی کرد.

بەپێی راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، کیم جۆنگ نام لە مانگی شوباتی 2017 بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ لێپرسراوێکی ھەواڵگریی ئەمریکا سەردانی مالیزیای کردووە و بەدووریش نازانرێت ئەمە لە پشت ھۆکاری کوشتنەکەیەوە بێت.