رۆحانی کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ عێراق ھێنا

رۆحانی کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ عێراق ھێنا

حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران کۆتایی بە سەردانەکەی ھێنا بۆ عێراق و رایگەیاند، ھەردوولا سورن لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان پتەوتر بکەن.

رۆحانی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەکاتی گەیشتنەوەی بۆ فڕۆکەخانەی میھراباد لەتاران دوای سەردانە سێ رۆژییەکەی بۆ عێراق رایگەیاند، لە سەردانەکەدا گفتوگۆ و کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی عێراق ئەنجامداوە سەبارەت بە کاروباری بازرگانی و کەمکردنەوەی باج و دروستکردنی شاری پیشەسازی ھاوبەش و بواری وزە و ئاسانکردنی پێدانی ڤیزای بازرگانی، ھیواشی خواست ئەو گفتوگۆ و رێککەوتنانەی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ لێپرسراوانی عێراق پێی گەیشتون ئەنجامی باشی ھەبێت، رۆحانی جەختیکردەوە، عێراق وێستگەی سەرەکی ھەناردەی ئێرانە، بۆیە لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتەدا تاوتوێی کارکردن بە دراوی ناوخۆ لە مامەڵە بازرگانییەکاندا کراوە و  لەبارەی دۆسیە ئەمنی و ھەرێمییەکانیشەوە ھەردولا لێکتێگەیشتنی باشیان ھەبووە.