رزگاربوویەکی دەست داعش: ئەبوبەکر بەغدادیم بەچاوی خۆم بینی

رزگاربوویەکی دەست داعش: ئەبوبەکر بەغدادیم بەچاوی خۆم بینی

هاووڵاتییەکی رزگاربووی دەستی داعش دەڵێت: ئەبوبەکر بەغدادی بەچاوی خۆی بینیوە و ژمارەیەک تیرۆریستی بیانی لەدژی هەڵگەڕاونەتەوە.

رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی دوایین زانیاری لەبارەی چارەنووسی ئەبوبەکر بەغدادی، کەسی یەکەمی تیرۆریستانی داعش بڵاوکردەوە و لەسەر زاری شایەتحاڵێک کە رزگاربووی ژێردەستی داعشە، بەغدادی لەژیاندا ماوە و لەئێستادا لە دوایین مۆڵگەیدایە لە خۆرهەڵاتی فورات و رووبەڕووبوونەوەی سەختیش لەنێوان پاسەوانەکانی بەغدادی و چەند هەڵگەڕاوەیەکی ناو داعشدا روویداوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا کە رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردووەتەوە، جومعە حەمدی حەمدان کە هاووڵاتییەکی سورییە و لە تەمەنی 53 ساڵیدایە، توانیویەتی لەدەست تیرۆریستانی داعش هەڵێت، ئاشکرایکردووە، مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو لە گوندی کیشمەی نزیک باغوز رووبەڕووبوونەوەی سەخت لەنێوان پاسەوانەکانی بەغدادی و تیرۆریستە بیانییەکانی ناو رێکخراوە تیرۆریستییەکەدا روویداوە و دوای کوژرانی چەندین تیرۆریست توناراوە بەغدادی قوتاربکرێت.

جومعە حەمدان رایگەیاندووە: بەغدادیم بەچاوی خۆم بینی و لە کیشمە بوو لە مانگی ئەیلولی 2018دا خەواریجەکان هەوڵی دەستگیرکردنیان دا.

راشیگەیاندووە: شەڕێکی زۆر سەخت لەنێوان هەردوولادا روویدا و تیرۆریستانی داعش لەنێوان ماڵەکاندا تونێلیان لێداوە و تیرۆریستەکان بەزۆری تونسی بوون و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیش لەو شەڕانەدا کوژراون.

هاووڵاتییە هەڵاتووەکە کە بەغدادی بەچاوی خۆی بینیوە رایگەیاندووە: "بەغدادی دوای ئەو شەڕە بۆ باغوز هەڵاتووە و دواتر لە سەرەتای کانونی دووەمی ئەمساڵ بەرەو بیابانەکان رۆیشتووە."، ئەم زانیارییە دواتر لەلایەن لێپرسراوە هەرێمییەکانەوە پشتڕاستکراوەتەوە، کە پێشبینی ئەوە دەکرێت، بەغدادی لەوێدا ماوەتەوە و پلانی بنیاتنانی خەلافەتەکەی دادەنێت لە ناوچەیەکی نزیک لە ئێستای.

حەمدان ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە بەغدادی و پاسەوانەکانی نزیکەی شەش مانگ پێش لە هەڵاتنیان لەو ناوچەیەدا بوون، وەکو خۆی دەڵێت: بەغدادی هەوڵی دەدا ناسنامەی خۆی بشارێتەوە و نەکەوێتە بەرچاو، بەڵام هەموومان شوێنیمان دەزانی و ئۆتۆمبیلێکی کۆنی رەنگ سووریشی بۆ هاتووچۆ بەکاردەهێنا.

پێشتر رۆژنامەی گاردیان راپۆرتێکی لەبارەی کودەتایەکی شکستخواردووی ژمارەیەک تیرۆریستی بیانیی ناو رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بڵاوکردەوە، بەپێی زانیارییەکان، داعش خەڵاتێکی دەستنیشانکردووە بۆ هەر کەسێك بتوانێت ئەنجامدەری ئەو هەڵگەڕانەوەیە دەستگیربکات یان بیکوژێت.