دەقی یاسای بودجەی 2019 لەرۆژنامەی وەقائیع بڵاوکرایەوە

دەقی یاسای بودجەی 2019 لەرۆژنامەی وەقائیع بڵاوکرایەوە

دەقی یاسای بودجەی گشتی ٢٠١٩ لە رۆژنامەی "وەقائیع" بڵاوکرایەوە و بەوەش ئەو بودجەیە سەرجەم رێکارە یاساییەکانی تەواوکرد و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بودجەی گشتی ئەمساڵی عێراق، بە باشترین بودجە ناوبراوە و تێیدا پشکی ھەرێم بەرێژەی ١٢.٦٧% جێگیرکراوە. 

دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و ئیمزاکردنی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، دەقی یاسای بودجەی گشتی ٢٠١٩ لە رۆژنامەی "وەقائیع" بڵاوکرایەوە و بەوەش ئەو بودجەیە سەرجەم رێکارە یاساییەکانی تەواوکرد و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەزارەتی دادی عێراق بڵاویکردەوە، ژمارە چوار ھەزار و ٥٢٩ی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی تایبەت بە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکرایەوە، دوای بڵاوکردنەوەی وردەکارییەکانیش، بودجەی گشتی ٢٠١٩ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەشێک لە وەزارەتەکان راسپێردراون پارە رەوانەی پارێزگا رزگارکراوەکانی ژێر دەستی داعش و پارێزگای "بەسرە" بکەن. 

پشکی ھەرێمی کوردستانیش لە یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراقدا بە ١٢.٦٧% جێگیرکراوە، جیاوازییەکەش ئەوەیە کە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و پێشمەرگە، لە ھاوکێشە و رێککەوتنە سیاسییەکان جیاکراوەتەوە و "بەغداد"یش پابەندبوونی خۆی بە ناردنی پشکی ھەرێم لە بودجە دووپاتکردۆتەوەو دەبێت دەرمان و پسووڵەی خۆراکیش بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت.

بەپێی یاسای پەسەندکراوی بودجەی ٢٠١٩، بەدەر لە رێککەوتنی نەوت، مانگانە بەغداد، ٥٢٢ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە رەوانەی ھەرێم دەکات. ئەو بڕەش رێخۆشکەرە بۆ ھەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی ھەرێم.

لە چەند رۆژی رابردووشدا، "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان  لە دیداری نێودەوڵەتی "رافیدەین" کە لە "بەغداد" بەڕێوەچوو، بودجەی ٢٠١٩ی بە باشتر لە بودجەی ساڵی رابردوو ساڵانی پێشتووتریش وەسف کرد.

داھاتەکانی عێراق لە بودجەی ٢٠١٩دا بە ٨٨ ملیار دۆلار خەمڵێندراوە. نرخی بەرمیلێک نەوتیش بە ٥٦ دۆلار دیاریکراوەو، دەبێت رۆژانە ٣ ملیۆن و ٨٨ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکرێت. ھاوکات قەبارەی کورتھێنان لە بودجەی ٢٠١٩ی عێراقدا ١٩ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە. وەرگرتنی قەرزی نوێ لە دەرەوە راگیراوە و پشت بە قەرزە ناوخۆییەکان دەبەسترێت.