دراوی ئێرانی دابەزینی زیاتری تۆمار کرد

دراوی ئێرانی دابەزینی زیاتری تۆمار کرد

دراوی ئێرانی دابەزینی زیاتری تۆمارکرد و لە ماوەی ھەفتەیەکیشدا لە 10%ی بەھاکەی لەدەستداوە.

بە کاریگەریی توندکردنی سزاکان و ھەنگاوە سەربازییەکانی ئەمریکاوە، دراوی ئێرانی دابەزینی زیاتری تۆمارکرد و دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر بە 156ھەزار و 500 ریاڵ مامەڵەی پێوەکراوە و لەماوەی ھەفتەیەکیشدا 10%ی بەھاکەی لەدەستداوە. 

ھاوکات بڕیارێکی تاران سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئاستی پابەندبوونی بە رێکەوتنە ئەتۆمییەکەوە کاریگەرییەکی تری کردووەتە سەر دابەزینی بەھای تمەن. 

ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەر لە کشانەوەی ئەمریکا لەو رێککەوتنە لە سەرەتای ساڵی رابردوودا دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر بە 40 ھەزار ریاڵ بووە. لەماوەی ساڵێکدا دراوی ئێرانی زیاتر لە 60%ی بەھاکەی خۆی لەدەستداوە، ئەوەش زیانێکی گەورەی بە کەرتی بازرگانیی ئەو وڵاتە گەیاندووە و ھەڵاوسانی ئابووریی بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرزکردووەتەوە.