داوا دەکرێت کورد بە یەک لیست بەشداریی ھەڵبژاردنی پارێزگاکان بکات

داوا دەکرێت کورد بە یەک لیست بەشداریی ھەڵبژاردنی پارێزگاکان بکات

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغداد، داوای رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم دەکەن بۆ بەشداریی لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغداد کۆبوونەوە و لەراگەیەندراوێکی ھاوبەشدا داوایان لە لایەنە کوردستانییەکان کردووە ھاوھەڵوێستبن لەسەر بەشدارییان لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، داواشیانکردووە حزبە کوردستانییەکان لە موسڵ و سەڵاحەدین و دیالە، بەتایبەتیش لە کەرکوک بە یەک لیست بەشداری ئەو ھەڵبژاردنە بکەن.

ھاوکات فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغداد رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە سەردانەکانیان بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، بەیەک تیم بچن و ھیچ فراکسیۆنێک بەبێ بەشداری نوێنەری فراکسیۆنەکانی تر سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن کە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە.

جەختیش کراوەتەوە، لەکاتی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانی تر، ھەماھەنگیی لەنێوان فراکسیۆنەکان ھەبێت، بۆئەوەی پێگەی کورد لە بەغداد بەھێز بێت.