دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێدەکەنەوە

دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێدەکەنەوە

رۆژی دووشەممەی داھاتوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەک دەدات.

بەپێی راگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران، لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەدا دەنگ لەسەر پێشنیازێکی تاییەت بە یاسای ھەموارکردنەوەی یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی 2019 دەدرێت.

دواتر دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای لێبوردن لە سزاکانی باج و پڕۆژەیاسای ھەموارکردنەوەی دووەمی تایبەت بە سەندیکای جیۆلۆجی دەدرێت.

لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەی ئەنجومەنی نوێنەران، دەنگ لەسەر راسپاردەکانی تایبەت چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون دەدرێت و گفتوگۆش لەسەر خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای پەیوەندی و زانیاری دەکرێت.