دادگای کاس ناکۆکیەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق یەکلادەکاتەوە 

دادگای کاس ناکۆکیەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق یەکلادەکاتەوە 

عەدنان دەرجال کە نوێنەرایەتیی ناڕەزایەتیی بەرامبەر یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەکات، بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ وەفدێکی یاوەری گەیشتنە سویسرا.

دوای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و دیاریکردنی عەبدولخالق مەسعود وەک سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، عەدنان دەرجال یەکێک بوو لەوانەی ناوی خۆی تۆمارکردبوو بۆ سەرۆکایەتیی یەکێتییەکە، بەڵام دواتر بەھۆی چەند پاساوێک رێگەی نەدرا بەشداریی ھەڵبژاردنەکە بکات.

دوابەدوای ئەمەش، چەندین ئەستێرە و کەسایەتیی وەرزشی ساڵانی رابردووی عێراق دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی عەدنان دەرجال و تانەیان لە ھەڵبژاردنەکان گرت و بە ساختەکاریی لەقەڵمیان دا بە سوودی چەند لایەنێکی دیاریکراو.

لەبەرامبەریشدا یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە کە ئاڕاستەی ھەڵبژاردنەکانی یەکێتییەکە کراون.

لە ئێستاشدا، دادگای وەرزشیی جیھانی کە بارەگاکەی لە سویسرایە دەبێتە سەنگی مەحەک بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو کێشەیە و عەدنان دەرجالیش سەرجەم ئەو بەڵگە و دۆکیۆمینتانەی کۆکردوونەتەوە و لەگەڵ خۆیدا بردوونی بۆ سویسرا، چاوەڕوانیش دەکرێت، دادگاکە لەوبارەوە بڕیاری خۆی بدات.