جۆن بۆڵتۆن: لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان سزاکانی سەر ئێران بەرفراوانتر دەکەین

جۆن بۆڵتۆن: لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان سزاکانی سەر ئێران بەرفراوانتر دەکەین

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند: واشنتۆن لە گوشارخستنە سەر ئێران بەردەوامدەبێت تا ئەو کاتەی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەبێت.

جۆن بۆڵتۆن راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، ئەمڕۆ رۆژی دووشەممە لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: بەردەوامدەبین لە گوشارخستنە سەر ئێران هەتا دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی و چالاکییەکانی دەبێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

بۆڵتۆن جەختی لەوەشکردەوە، کە ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، وتیشی: ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کاردەکات بۆ بەرفراوانکردنی سزاکانی سەر ئێران.

راشیگەیاند: ئێمە لە سەرەتای رێگاکەمانین و ئامانجی سەرەکیی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ گەیشتنە بە رێککەوتنێکی نوێ کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات.

هاوکات لەلایەکی تریشەوە، کۆشکی سپیی ئەمریکا رایگەیاندووە: دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا کردووە بۆ رێگریکردن لە ئێران هەتا چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرۆکایەتیی فەڕەنسا رایگەیاندووە: ئیمانوێل بون، راوێژکاری دیپلۆماسیی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا رۆژی سێشەممە و چوارشەممەی داهاتوو بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و گرتنەبەری ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت پێش 15 تەمووز بگیرێنەبەر، سەردانی ئێران دەکات.

ماکرۆن رۆژی شەممەی رابردوو بە تەلەفۆن پەیوەندیی کردووە بە حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانەوە و پێیراگەیاندووە کە پاریس هەوڵدەدات رێگایەک بدۆزێتەوە لە 15ی تەمووزدا گفتوگۆی ئێران و هاوبەشە خۆرئاواییەکانی دەستپێبکات.