جگەرەی ئەلکترۆنی بەسوودە بۆ وازھێنان لە جگەرە

جگەرەی ئەلکترۆنی بەسوودە بۆ وازھێنان لە جگەرە

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی تەندروستی کە سەرنجی ملیۆنان جگەرەکێشی لەجیھاندا راکێشاوە، سەلمێنراوە پەنابردن بۆ جگەرەی ئەلکترۆنی  یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ وازھێنان لە جگەرە کێشان.

توێژینەوەکە بۆ ماوەی 12 مانگ و نێو 19 ھەزار کەس لە بەریتانیا کە ھەوڵیانداوە واز لە جگەرەکێشان بھێنن ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، ئەوانەی جگەرەی ئەلکترۆنی بەکاردەھێنن، بە ئامانجی وازھێنان لە جگەرەکێشان، توانیویانە بە رێژەی 95% ئامانجەکەیان بەدیبھێنن، بەبەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەی کە پەنا بۆ ھیچ شتێک نابەن کە یارمەتیدەریان بێت بۆ وازھێنان لە جگەرە.

لە توێژینەوەکەدا کە لەلایەن دامەزراوەی توێژینەوەی بەریتانی خێرخوازی کۆمەکی کراوە و لە گۆڤاری (ئەدیکشن)ی تایبەت بە بواری بەرەنگاربوونەوەی ئالودەبوون بڵاوکراوەتەوە، پشت بەستراوە بە شیکردنەوەی تێکڕای سەرکەوتن بۆ چەندین رێگەی بەربڵاو بۆ وازھێنان لە جگەرەکێشان.

توێژینەوەکە جگەرەی ئەلکترۆنی و لەزگە و  بنێشتی لەخۆگرتووە کە بەکاردەھێنرێت بۆ دەرکردنی ماددەی نیکۆتین لە جەستەدا، ھەروەھا شیکردنەوە لەسەر کۆمەلێک فاکتەر کراوە کە لەوانەیە کاریگەرییان ھەبێت لەسەر رادەی سەرکەوتن لەوازھێنان لەجگەرە کێشان، وەک تەمەن و ئاستی کۆمەڵایەتی و پلەی ئالودەبوون و جگەرەو ھەوڵەکانی رابردوو بۆ وازھێنان و وازھێنان پلەبەند و لەناکاو ئەگەر ھەبێت.

لە نوێترین داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیھانیش باس لەوەکراوە، کێشانی جگەرە و جۆرەکانی تری توتن ساڵانە دەبنە ھۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 7 ملیۆن کەس لەسەر ئاستی جیھان، لە نێوان 1 ملیار و 100 ملیۆن کەسی جگەرە کێشیشدا، نزیکەی 80%یان لە وڵاتە ھەژار و داھات مامناوەندەکاندا دەژین.

جگەرەی ئەلکترۆنی ھیچ جۆرە توتنێکی تێدا نییە، بەڵام جۆرە شلەیەکی تێکراوە کە رێژەیەک لە نیکۆتینی تێدایە و بەکارھێنەر بەشێوەی ھەڵم ھەڵیدەمژێت کە لەلایەن چەندین کۆمپانیای گەورەی توتنەوە دەفرۆشرێن.