تەندروستیی بەریتانیا: قەڵەوی ھۆکارە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە

تەندروستیی بەریتانیا: قەڵەوی ھۆکارە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە

بە گوێرەی ئەو داتایانەی لەلایەن دامەزراوەکانی تەندروستیی بەریتانیاوە بڵاوکراونەتەوە، لە کۆتایی دەیەی داھاتوودا، نەخۆشییەکانی شێرپەنجە کە بەھۆی قەڵەوییەوە دروستدەبن زیادتر دەبن و رۆژانە سەد کەس تووشی شێرپەنجە دەبن. 

بە گوێرەی داتاکانی دامەزراوەی تەندروستیی نیشتمانی لە بەریتانیا، نەخۆشییەکانی شێرپەنجە کە بەھۆی قەڵەوییەوە دروستدەبن لە کۆتایی دەیەی داھاتوودا بە ڕێژەی لە 62% زیاد دەبن.

بەپێی ئەو زانیاریانەش بێت، تا ئەو کاتە لە ڕۆژێکدا نزیکەی 100 کەس تووشی لووە شێرپەنجەییەکان دەبن و بەپێی پێشبینیەکان تەنیا لە بەریتانیا نزیکەی 360 ھەزار کەس بەھۆی قەڵەوییەوە تووشی شێرپەنجە دەبن واتە بەریتانیا لەو بوارەدا بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگاتەوە.

سایمۆن ستیفنز سەرۆکی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی لە بەریتانیا داوای کردووە کاری بەپەلە بکرێت بۆ ڕێگرتن لەو کارەساتە. 

بە گوێژەی ئەو ژمارانەش بێت کە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ لووە شێرپەنجەییەکان لە شیکاگۆ بڵاودەکرێتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە ھۆی قەڵەوییەوە لە ئەمریکا تووشی شێرپەنجە دەبن تا ساڵی 2030 دەکاتە 500 ھەزار کەس. 

جێنیفەر لیحیبڵ لە پەیمانگای دانا فاربەر بۆ شێرپەنجە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: ئەو رەوشە جێگەی نیگەرانییە، ئێمە لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەدا ھەنگاوی گەورەمان ناوە، بەڵام قەڵەوی ھەڕەشەی گەورەی لەسەر کارەکانمان دروستکردووە. 

ڕوونیشیکردەوە کە 13 جۆر نەخۆشیی شێرپەنجە ھەن پەیوەندییان بە قەڵەوییەوە ھەیە و زیادبوونی یەک کیلۆ لە لەشی مرۆڤ ئەگەرەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک لای ژیان بە ڕێژەی لە 4% بۆ لە 8% بەرز دەکاتەوە. 

پێشتریش لێکۆڵینەوەیەکی زانستی کە لە ساڵی 2015دا ئەنجامدرابوو ئاماژەی دابوو بەوەی کە نزیکەی 23 ھەزار حاڵەتی نەخۆشیی شێرپەنجە لە بەریتانیا ھەن کە بەھۆی قەڵەوییەوە دروست بوون ئەوەش دەکاتە 6.3%ی کۆی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.