تیروپشکی قۆناغی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا راکێشرا

تیروپشکی قۆناغی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا راکێشرا

لە شاری نیۆنی سویسرا و لە بارەگای یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، تیروپشکی یارییەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا راکێشرا و ئەرکی یانە گەورەکانیش تا رادەیەک ئاسانە، بەجۆرێک تیروپشکەکە ھاوسەنگی زۆری پێوەدیارە.

لە تیروپشکەکەدا یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی چانس یاوەری بوو، بەوەی رووبەڕووی یانەی ئەیاکس ئەمستەردامی ھۆڵەندی دەبێتەوە، ھەروەھا یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی لەو قۆناغەدا ئەرکی تا رادەیەک ئاسانە و بەرامبەر بەیانەی پۆرتۆی پورتوگالی یاریدەکات.

یەکێک لە یارییە ئاگرین و بەھێزەکانی ئەو قۆناغە، رووبەڕووبوونەوەی ھەردوو یانەکەی ئینگلتەرا تۆتنھام و مان سیتیە. ھەروەھا دووەم یاریی ئاگرین لەو قۆناغەدا بەریەککەوتنی مانچستەریونایتد و بارسێلۆنایە.

دوای کۆتاییھاتنی تیروپشکی قۆناغی چارەکی کۆتایش راستەوخۆ دوای 3 ساڵ یوفا شێوازی کۆنی پەیڕەوکردەوە و تیروپشکی قۆناغی پێش کۆتایشی راکێشرا، لە تیروپشکەکەدا براوەی یاریی نێوان مان یونایتد و بارسێلۆنا رووبەڕووی براوەی نێوان لیڤەرپوڵ و پۆرتۆ دەبێتەوە.

ھەروەھا براوەی نێوان یۆڤانتۆس و ئەیاکس، رووبەرووی براوەی نێوان تۆتنھام و مانچستەرسیتی دەبێتەوە، کە پێشبینی دەکرێت یارییەکانی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین ئاگرینبن.

یارییەکانی چوونی قۆناغی چارەکی کۆتایی لە رۆژانی 9 و10ی مانگی داھاتوو بەڕێوەدەچن و یاریەکانی گەڕانەوەش لە رۆژانی 16 و 17ی ھەمانگ مانگ ئەنجامدەدرێن، ھەروەھا یارییەکانی چوونی قۆناغی پێش کۆتایی لە رۆژانی 30ی مانگی 4 و 1ی مانگی 5 ھەروەھا یاریی گەڕانەوەش لە رۆژانی 7 و 8ی مانگی 5 ئەنجامدەدرێن.

یانەی بارسێلۆنا 2 جار لە یاریی کۆتایی چامپیۆنس لیگی ساڵی 2009 و چامپیۆنس لیگی ساڵی 2011 رووبەرووی مان یونایتد بۆتەوە و ھەردوو یاریەکەی بردۆتەوە و نازناوەکانی بەدەستھێناوە.

یانەی یۆڤانتۆسیش لە قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنس لیگی ساڵی 1997 بەئەنجامی ھەردوو یاری 6 بە 2 یارییەکەی بردووەتەوە و گەیشتووەتە یاریی کۆتایی.

یانەی لیڤەرپوڵیش لە چامپیۆنس لیگی ساڵی رابردوو لەقۆناغی 16 رووبەرووی پۆرتۆ بووەوە و توانیویەتی بە 5 گۆڵی بێ وەڵام یاریەکەی لێ بباتەوە.