تۆتنھام بە پاڵپشتیی یاریگا میوانداریی مان سیتی دەکات    

تۆتنھام بە پاڵپشتیی یاریگا میوانداریی مان سیتی دەکات    

 ئەمڕۆ رۆژی سێشەممە یارییەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنس لیگ دەستپێدەکەن و لە یەکێک لە بەھێزترین یارییەکانی ئەم قۆناغەشدا یانەی تۆتنھام لە یاریگا نوێیەکەی میوانداریی یانەی مانچستەر سیتی دەکات و دەیەوێت ئەنجامێک تۆماربکات کە یارمەتیدەری بێت بۆ ئەوەی لە قۆناغی پێش کۆتایی نزیک بێتەوە.

یارییەکەی نێوان تۆتنھام و مان سیتی لەڕووی ھیوای گەیشتن بە قۆناغی پێش کۆتایی بەھێزترین رووبەڕووبوونەوەیە کە سەختە بتوانرێت پێشبینی بۆ لایەنی سەرکەوتوو بۆ قۆناغی داھاتوو بکرێت.
ھەردوو یانە لە پریمەرلیگ یاری دەکەن و بەباشی شارەزای یەکترن و مان سیتی دووەمی ریزبەندییە و تۆتنھامیش پلەی سێیەمی گرتووە و ھەردوو یانەش لە شێوازی یاریکردنیان تا رادەیەک لەیەکتر دەچن کە پشت بە کۆنتڕۆڵی تۆپ و شێوازی ھێرشبردن دەبەستن، زۆر بەدەگمەنیش لە یارییە یەکلاکەرەوەکاندا راھێنەری ھەردوو تیپ پشت بە شێوازی بەرگری دەبەستن.

یانەی مانچستەر سیتی لە باشترین دۆخی دا دەچێتە یاریگای وایت ھارت لەین کە ئەو یانەیە جامی کاراباو کەپی بردووەتەوە و پێش رووبەڕووبوونەوەی تۆتنھامیش توانی خۆی بگەیەنێتە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا و لە پریمەرلیگیش دۆخی زۆر باشە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نازناوەکەی بکات، بۆیە ئەو یانەیە دەیەوێت لە چامپیۆنس لیگیش رکابەری بکات و ببێتە یەکەم یانە لە مێژوودا لە وەرزێکدا ھەر 4 نازناوەکە بباتەوە.

یەکێک لە چەکەکانی پیپ گواردیۆلا لەگەڵ مان سیتی پشتبەستنە بە شێوازی یاری بە نۆرە لە یارییەکاندا بەجۆرێک زۆر قورسە بتوانرێت پێشبینی ئەو پێکھاتەیە بکرێت کە یاری پێدەکات و بە دەگمەنیش ئەم وەرزە 2 یاری لەسەریەکی بەیەک پێکھاتە کردبێت.

یەکێک لەو ھێڵانەشی پیپ بەردەوام گۆڕانکاری تیادا ئەنجام دەدات ھێڵی ھێرشبردنە کە ئەمە وادەکات کێشە بۆ تیپی بەرامبەر دروست بێت، چونکە نازانێت رووبەڕووی کێ دەبێتەوە تا پلانی راگرتنی بۆ دابنێت.

پیپ بۆ ئەو کارەشی چەندین ئەستێرەی لێھاتووی لەبەردەستدایە کە بە باشترین شێوە پلانەکانی جێبەجێ دەکەن و لە کاتی پێویستدا گۆڕانکاری لە تەکتیکی یاری دەکەن، ئەمەش وای کردووە مان سیتی رکابەرێکی سەرسەخت بێت لەسەر سەرجەم نازناوەکان.

لەبەرامبەردا تۆتنھامیش دوای گەڕانەوە بۆ یاریگای وایت ھارت لەین لە دۆخێکی باش میوانداری سیتی دەکات و دەیەوێت بە پاڵپشتی 62 ھەزار ھاندەر لە یاریگاکەیدا ئەنجامێکی باش بەرامبەر بە مان سیتی تۆماربکات.

تۆتنھام خاوەنی پێکھاتەیەکی بەھێز و رێکخراوە کە ئەو یانەیە سەرەڕای نەکڕینی ھیچ یارێزانێک لە میرکاتۆ، بەڵام پارێزگاری لە ئاستەکەی کردوەو یاریزانەکانیشی ماوەیەکی زۆرە بەیەکەوە یاری دەکەن، ئەمەش وادەکات لێکتێگەیشتنێکی زۆر باش لە نێوانیاندا ھەبێت.

بە پێچەوانەی گواردیۆلا، پۆچیتینۆی راھێنەر ئارەزووی زۆری لە جێگیری پێکھاتەکەی ھەیە و ئەمەش وەکو یەکێک لە چەکە بەھێزەکانی یانەکە سەیر دەکرێت و لە زۆرینەی یارییەکاندا ئەو راھێنەرە بەیەک پێکھاتەوە یاری دەکات و بۆ سەرکەوتن بەرامبەر بە مان سیتیش پشت بە لێھاتوویی ھاری کەین و دیلی ئالی و سۆن ھیۆنگ مین دەبەستن.