توانەوەی شەختە سەھۆڵەکان کاریگەریی لەسەر کەشوھەوا ھەبووە

توانەوەی شەختە سەھۆڵەکان کاریگەریی لەسەر کەشوھەوا ھەبووە

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، شەختە سەھۆڵەکانی جەمسەری بەستەڵەکی باکوور پێنج  ھێندەی جاران زیاتر دەتوێنەوە، ئەوەش کاریگەریی گەورەی ھەبووە لەسەر کەشوھەوا لە ناوچە جیاجیاکانی جیھان. 

لەو توێژینەوانەدا کە بەم دواییە سەبارەت بە گۆڕانی کەشوھەوای گۆی زەوی کراوە ئاماژە بە دیاردەی توانەوەی شەختە سەھۆڵەکانی جەمسەری بەستەڵەکی باکوور کراوە کە تا چ ئاستێک کاریگەریی ھەبووە لەسەر کەشوھەوا لە ناوچە جیاجیاکانی جیھاندا و ھەندێک ناوچەی دووچاری وشکەساڵی کردووە و ھەندێک ناوچەی تریش بە کاریگەریی بارانبارینی لە رادەبەدەر و دروستبوونی لافاو دەستوپەنجە لەگەڵ کارەساتی گەورەدا نەرم دەکەنەوە. 

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری (نەیچەر) دا بڵاوکراوەتەوە، شەختە سەھۆڵەکانی جەمسەری بەستەڵەکی باکوور بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی شەستی سەدەی رابردوودا ٥ ھێندە زیاتر دەتوێنەوە.

مایکڵ زێمپ کە یەکیکە لەو زانایانەی لە نووسینی ئەو توێژینەوەیدا بەشداریی کردووە لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەوەی زانیومانە کە ئەو شەختە سەھۆڵانە تواونەتەوە و بڕێکی زۆر لە قەبارەکەی خۆیان لەدەستداوە. لە دوای ساڵی 1961 ەوە ئەو شەختە سەھۆڵانە زیاتر لە 9 ھەزار ملیار تۆن سەھۆڵیان لێ کەمبووەتەوە. کە ئەوەش بڕێکی زۆرە و ئەو قەبارەیەش بەتەنھا بەرامبەرە بە تێکرای رووبەری وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا بە ئەستوریی 30 مەتر و دەشێ بوترێت بەرامبەرە بە قەبارەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئەستورایی 4 پێ. ئەوەش بڕێکی زۆر سەھۆڵ و ئاوی پاکە کە لەراستیدا ئێمەی مرۆڤ لەدەستمان داوە".

شەختە بەفرینەکان لە ناوەڕاستی ئەورووپا و ناوچەی قەوقاز و خۆرئاوای کەنەدا و 48 ویلایەتی باشووری ئەمریکا و نیوزیلاند و ناوچەکانی نزیک ھێڵی ئیستیوا بە خێراییەکی زیاتر دەتوێنەوە. 

تیمەکەی مایکڵ زێمپ گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامەش کە ھەر 4 مانگ جارێک جیھان شەختە بەفرینەکانی بە ئەندازەی زنجیرە چیاکانی ئەلپ لە ئەورووپا لەدەست دەدات. 

بەگوتەی ئەو زانایە، ھۆکاری سەرەکیی توانەوەی ئەو شەختە سەھۆڵانە فراوانبوونی رووبەری ئاوە گەرمەکانە و ئەوەش ئاستی ئاوی ئۆقیانوسەکان بەرزتر دەکاتەوە کە ھۆکاری سەرەکیی ئەو گۆرانکاریەیە کە لە کەشوھەوای گۆی زەویدا روو دەدات و ئەو گۆڕانکارییەش لە زۆر ناوچەدا بە نرخێکی گران بۆ مرۆڤ تەواو دەبێت، دیارترینیان ئەو شەپۆلەی بارانبارین و لافاوەیە کە چەندین ناوچەی جیھانی گرتووەتەوە و زیانی گیانی و ماددی فراوانی لێکەوتووەتەوە.