ترامپ لە ژاپۆن بەشداری لە پاڵەوانێتیی زۆرانبازیی سومۆ دەکات

ترامپ لە ژاپۆن بەشداری لە پاڵەوانێتیی زۆرانبازیی سومۆ دەکات

دۆناڵد ترامپ ئەمڕۆ دوور لە سیاسەت و باسکردنی چەکە مەرسیدارەکان، لە گەشتە چوار رۆژییەکەیدا بۆ ژاپۆن بەشداریی کێبڕکێی کۆتایی زۆرانبازیی نیشتمانی ئەو وڵاتە بە ناوی"سومۆ"کرد.

ترامپ لەگەڵ ملانیای ھاوسەری و بە یاوەریی شینزۆ ئابیی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بەشدارییان لە بینینی یاریی کۆتایی کێبڕکێی زۆرانبازیی نیشتمانیی ژاپۆن کرد.

لە ناو ھۆڵی کێبرکێکەدا ھەزار کورسیی لە کۆی 11 ھەزاری کورسی، واتە گرانترین کورسییەکان بە ترامپ و سەرۆک وەزیری ژاپۆن و تیمە ئەمنییەکانیان درابوون.

ترامپ لە کاتی بەڕێوەچوونی کێبرکێکەدا لە وتارێکیدا لەناو مەیدانی زۆرانبازییەکەدا رایگەیاند: "زۆرانبازانی ژاپۆنی وەرزشکارانی گەورەن"، دواتریش جامی کێبڕکێکەی کە قورساییەکەی 30 کیلۆ بوو، بەھاوکاریی کەسێکی تر دایە براوەی یەکەم.

لە تویتیکیشدا ترمپ لە دوای کێبڕکێەکە نووسیویەتی: ئەمشەو لە تۆکیۆ لە یاریگای کوکوگیکان بە شانازییەوە یەکەمین جامی سەرۆکایەتیی ئەمریکام لە کێبڕکێی سومۆ پێشکەشکرد و کاتێکی زۆر خۆشمان لەگەڵ یەک بردە سەر و سوپاسی شینزۆ ئابی دەکەم.

سۆمۆ یارییەکی کۆنی ژاپۆنییەکانە بە ھونەرێکی جەنگی ناو دەبرێت کە تیایدا دوو کەس کە کێشیان زۆرە ھەوڵدەدەن یەکتری بدەن بە زەویدا، ئەو یاریزانەی کە جگە لە پێیەکانی ھەر شوێنێکی تری جەستەی بەر زەوی بکەوێت لە یارییەکە دەچێتە دەرەوە.