بەھۆی رووداوێکی ھاتووچۆ لە چۆمان دوو کەس گیانیان لەدەستدا

بەھۆی رووداوێکی ھاتووچۆ لە چۆمان دوو کەس گیانیان لەدەستدا

بەھۆی رووداوێکی ھاتووچۆوە لە چۆمان دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دووی تریش برینداربوون و کەسێکی تریش بێسەروشوێنە.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: ئەمڕۆ رۆژی ھەینی، بەھۆی رووداوێکی ھاتووچۆ کە وەرگەڕانی تاکسییەک بووە لەسەر رێگەی نێوان چۆمان و سۆران لە نزیک گوندی (وارە کەون) کە پێنج سەرنیشنی تێدابووە، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دووانی تریش برینداربوون و یەکێکی تریشیان کەوتووەتە ناو ڕووباری باڵەکایەتییەوە و تائێستا بێسەروشوێنە.

وتیشی: ھەر پێنج سەرنشینی ئۆتۆمبیلەکە گەشتیارن و دانیشتووی ناحیەی دارەتووی سەر بە ھەولێرن.

بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی شەش مانگی رابردووی ئەمساڵدا، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتووچۆی سۆران کە قەزاکانی چۆمان و سۆران و مێرگەسۆر و رواندز لەخۆدەگرێت، 54 رووداوی ھاتووچۆ تۆمارکراون و بەھۆیانەوە 69 کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.