بەڕازیل بە 2 گۆڵی بێ وەڵام بەسەر ئەرژەنتیندا سەرکەوت

بەڕازیل بە 2 گۆڵی بێ وەڵام بەسەر ئەرژەنتیندا سەرکەوت

هەڵبژاردەی ئەرژەنتین و بەرازیل لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی کۆپا ئەمریکا رووبەڕووی یەکتر بوونەوە و کوڕانی سامبا بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر شکستیان بە مێسی و هاوڕێکانی هێنا.

ئەمڕۆ رۆژی چوارشەممە، هەڵبژاردەی بەرازیل لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی کۆپا ئەمریکا توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر هەڵبژاردەی ئەرژەنتین بەدەستبهێنێت و خۆی بگەیەنێتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.

لە دەستپێکی یارییەکەدا، کوڕانی سامبا زوو هاتنەدەست و کۆنتڕۆڵی یاریگایان کرد و توانییان چەند هێرشێک بۆسەر گۆڵی هەڵبژاردەی تانگۆ بەرن، دواتر لە خولەکی 19 گابرێل خیسۆسی هێرشبەری هەڵبژاردەکە، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بەرازیل تۆمارکرد و گێمی یەکەم بەو گۆڵە کۆتاییهات.

لە دەستپێکی گێمی دووهەمدا، مێسی و هاوڕێکانی چەند هێرشێکیان بۆسەر گۆڵی هەڵبژاردەی بەرازیل برد، بەڵام هێڵی بەرگری سامبا و گۆڵپارێزی هەڵبژاردەکە توانیان پارێزگاری لە گۆڵەکەیان بکەن.

لە ئەنجامی هێرشێکی هەڵگەڕاوەی گابرێل خیسۆس، هەڵبژاردەی بەڕازیل توانی لە خولەکی 71 لەڕێی فێرمینۆوە گۆڵی دووهەم و دڵنیایی ئەنجامەکە تۆماربکەن و خۆیان بگەیەنن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و مێسی و هاوڕێکانیشی لە بەدەستهێنانی ناسناوەکە بێهیوا بکەن.

سبەینێ رۆژی پێنجشەممە، سەعات 3:30 بە کاتی هەرێمی کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی پیرۆ و چیلی بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.