بەوێنە.. کوردێک خەڵاتی باشترین نواندنکاری ڤیستیڤاڵی فەجری بردەوە

بەوێنە.. کوردێک خەڵاتی باشترین نواندنکاری ڤیستیڤاڵی فەجری بردەوە

"ھووتەن شەکیبا" ئەکتەری کوردی خەڵکی سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان توانی خەڵاتی "سیمورغ" بۆ باشترین ئەکتەری پیاو لە رۆڵێگرانی یەکێک لە فیلمەکاندا بەدەستبھێنێت.

لە 37ەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی فەجر لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو، "ھووتەن شەکیبا" ئەکتەری کوردی خەڵکی شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان توانی خەڵاتی "سیمورغ" بۆ باشترین ئەکتەری پیاو لە رۆڵگێڕانی لە فیلمی سینەمایی "شبی کە ماە کامل شد"، لە دەرھێنانی دەرھێنەری ژنی ئێرانی "نەرگس ئابیار"، بەدەستبھێنێت، ھەروەھا فیلمەکە توانیویەتی  7 خەڵاتی فێستیڤاڵەکە بۆ باشترین فیلم و باشترین دەرھێنان و باشترین ئەکتەری ژنیش وەربگرێت. 

ھووتەن شەکیبا نواندنکاری کورد، لە دایکبووی ساڵی 1984ی شاری سنەی خۆرھەڵاتی کوردستانە، تا ئێستا لە چەندین فیلمی سینەمایی و زنجیرە فیلمی ئێرانیدا رۆڵی گێڕاوە و لەناو جەماوەری ئێرانیدا بە ئەکتەرێکی کارامە و شایستە دەناسرێت، بە شێوەیەک کە لە ئاھەنگی کۆتایی فێشتیڤاڵی فەجردا، کاتێک ناوی ٥ کاندید بۆ باشترین ئەکتەری پیاو خوێندرایەوە ھەموو ھۆڵەکە ناوی ئەو و نواندنکارێکی تری کورد، واتا "نەوید محەمەدزادە"یان دووپات دەکردەوە کە بە شایستەی ئەو خەڵاتەیان دەزانی.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر بە گرنگترین ڤیستیڤاڵی سینەمایی ئێران دەناسرێت کە ئەمساڵ بۆ 37ەمین ساڵی بەردەوام بەڕێوەچوو و وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو لە لایەن ئەم ھونەرمەندە کوردەوە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوو و "نەوید محەمەدزادە" ئەکتەری کوردی خەڵکی شاری ئیلام کە پێشتر ئەم خەڵاتەی وەرگرتووە و ئەمساڵیش لە کێبڕکێدا بوو بۆ وەرگرتنەوەی.