بەوێنە..سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا شەیدای جل و بەرگە

بەوێنە..سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا شەیدای جل و بەرگە

پرسی چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا وای لە تێرێزا مای سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەی کردووە ببێتە سەردێڕی ھەواڵی رۆژنامە بەناوبانگەکان. تێرێزا مای شەیدای جل وبەرگە و بایەخێکی زۆر بە رێکپۆشی دەدات، جلوبەرگەکانی زۆر جار دەبێتە بابەتی بەرگی گۆڤاری (ڤۆگ) کە گۆڤاریکی بەناوبانگی فاشنە. 

پرسی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا ناسراو بە (بریکسیت) و ئەو قەیرانە سیاسییەی بە کاریگەریی ئەو پرسە بەریتانیا دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکاتەوە، تێرێزا مای سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای کردووەتە سەردێڕی ھەواڵەکان و لە ھەموو گۆشەیەکەوە سەرنجی لەسەرە. 

ساڵی 2017، 17 مانگ دوای ئەوەی بەریتانیا لە ریفڕاندۆمێکدا دەنگی دا بۆ چوونەدەرەوە لە یەکێتیی ئەورووپا، پەیکەرە مۆمەکەی تێرێزا مای فیگەرێکی سەرنجڕاکێش بوو لە مۆزەخانەی (مادام تاساود) ی شاری لەندەن. لەو پەیکەرە مۆمەدا تیرێزا مای بە پێلاوێکی پڵنگی و قاتێکی سووری درەوشاوە و شاڵێک و ملوانکەیەکی مراوریەوە دەردەکەوێت، ئەو ستایڵەی لە زۆر بۆنەدا  پێوەی دەردەکەوێت. 

تێرێزا مای بەردەوام بە تەنورە و پانتۆڵی ئاڵوواڵاوە دەردەکەوێت. نموونەی ئەوەش لەکاتی پێشکەشکردنی وتارێکیەتی لەبەردەم پەرلەمانی بەریتانیا، یان لەکاتی دیدارێکیدا لەگەڵ شاژنی بەریتانیا لەکاتی پێکھینانی کابینەکەی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2016، ئەویش کەمێک دوای ئەو ریفراندۆمە. 

لە کۆنفرانسی پارتەکەشیدا، پارتی پاریزگاران لە ساڵی 2018دا بەو پانتۆڵەوە کە بە ھەمان ستایڵ پۆشیبووی سەمای کرد، ملوانکەکانی تیرێزا مای زۆربەیان لەو جۆرەن کە لەلایەن دیزاینەری ئیتاڵی (میرتا) وە دیزاینکراوە. 

تێرێزا مای لە ڕێی پۆشاکەکانیەوە پەیامی سیاسیش ئاڕاستەی نەیارەکانی دەکات و  ھەرگیز سڵیشی لەوە نەکردووەتەوە پۆشاکێکی دیاریکراو لە چەندین بۆنەی جیاجیادا دووبارە بپۆشێتەوە، وەک ئەو قاتە شینە چویتیەی لە مانگی کانونی یەکەمی رابردوودا لەبەریکرد بۆ سەرکۆنەکردنی جێرێمی کۆربن سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمانی بەریتانیا. ھەمان ئەو قاتەی لە چەندین بۆنەی تریشدا پۆشیوە و بەر لە مانگێک لە کاتی دیدارێکیدا لەگەڵ دۆناڵد تەسک سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتیی ئەورووپا پۆشیبووی. 

تێرێزا مای سەوداسەری فاشنە و زۆر جار دەبێتە بابەتی بەرگی گۆڤاری (ڤۆگ) کە گۆڤاریکی بەناوبانگی فاشنە. بەڵام زۆر جاریش لەسەر پۆشاکەکانی سەرکۆنە دەکرێت، جارێکیان لەلایەن نیکی مۆرگان کە ئەندامێکی پارتەکەی خۆی سەرکۆنەکرا لەسەر دەرکەوتنی لە گۆڤارێکی بەریتانیدا بە پانتۆڵێکی چەرمەوە کە نرخەکەی ھەزار و دوسەد و یانزە دۆلار بوو.