بەهۆی تویتێک پێشکەشکارێکی BBC لەکارەکەی دوورخرایەوە

بەهۆی تویتێک پێشکەشکارێکی BBC لەکارەکەی دوورخرایەوە

بەهۆی چواندنی منداڵی خێزانی شاهانەی بەریتانیا بە چامپانزی، پێشکەشکارێکی بەریتانیی رادیۆی "بی بی سی" لەکارەکەی دوورخرایەوە.

شازادە هاری لەگەڵ میگان مارکل هاوسەری، رۆژی چوارشەممەی رابردوو بۆ یەکەمین جار وێنەی ساوا تازە لەدایکبووەکەیان بڵاوکردەوە و وەکو حەوتەمین بەرەی تەختی پادشایەتی ناساندیان و ناویشیان نا (ئارچی هاریسۆن ماونت باتن ویندەرسۆر).

وێنەی منداڵەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووەوە، دانی بەیکەر، پێشکەشکاری رادیۆی "بی بی سی"ش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر وێنەی ژن و پیاوێکی دانا کە ژنەکە دەستی چامپانزییەکی گرتووە و لە تویتەکەشیدا نووسیویەتی "منداڵی خێزانی شاهانە نەخۆشخانە جێدەهێڵێت"، دوابەدوای بڵاوکردنەوەی وێنەکە، کەناڵی بی بی سی بەهۆکاری رەگەزپەرستیی، پێشکەشکارەکەی لە کار دوورخستەوە، چونکە، دۆریا راگلاند نەنکی منداڵەکە و دایکی میگان مارکل، وەک لە وێنەکانیدا دەردەکەوێت بە رەگەز (ئەفریقی - ئەمریکی)یە.

بی بی سی، هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و دانی بەکەریش لە تویتێکی تریدا داوای لێبوردنی کردووە و رۆژەکەی بە یەکێک لە رۆژە ناخۆشەکانی ناوبردووە و رایگەیاندووە: دەیەوێت بەشێوەیەکی رەسمی داوای لێبوردن بکات بۆ ئەو خراپەکارییەی کردوویەتی، دەشیەوێت روونی بکاتەوە چۆن خۆی خستووەتە ئەم ئاژاوەوە.

راشیگەیاندووە: وێنەیەکی هەڵەی هەڵبژاردووە بۆ گاڵتەکردن، کە زۆر کارەساتە.