بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە شەقامی سەد مەتری سلێمانی بەڕێوەچوو

بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە شەقامی سەد مەتری سلێمانی بەڕێوەچوو

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم داوا لە لیژنەی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پرۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی دەکات لەماوەی ١٠ رۆژدا راپۆرت و پێشنیارەکانیان سەبارەت بە چۆنیەتیی دەستپێکردنی پڕۆژەکە  پێشکەشی وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بکات.

بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم،  لەسلێمانی کۆبوونەوەی تایبەت بە جێبەجێکردنی پرۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی بەڕێوەچوو و تیایدا تاوتوێی چۆنیەتیی دەستپێکردنی پڕۆژەکە کرا و وادەی ١٠ رۆژ بۆ پێشکەشکردنی راپۆرت و پێشنیارەکان دیاریکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و بریکاری وەزیری شارەوانی وسەرۆکی شارەوانی سلێمانی و ئەندامانی لیژنەی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی ئامادەیبوون، بڕیاردرا لیژنەی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە ماوەی ١٠ رۆژی کاریدا لە راپۆرتێکدا پێشنیار و راسپاردەکانی خۆی سەبارەت بە چۆنیەتیی دەستپێکردنی پڕۆژەکە  پێشکەشی وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بکات، بۆ ئەوەی بە زووترین کات بڕیار لە چۆنیەتی دەستپێکردنی بدرێت.

ھەفتەی رابردووش قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەکانی ھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێم سەبارەت بە چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان کۆبۆوەو بڕیار درا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.