بەریتانیا و فەڕەنسا ژمارەی سەربازەکانیان لە سوریا زیاتر دەکەن و شوێنی هێزەکانی ئەمریکا دەگرنەوە

بەریتانیا و فەڕەنسا ژمارەی سەربازەکانیان لە سوریا زیاتر دەکەن و شوێنی هێزەکانی ئەمریکا دەگرنەوە

بەریتانیا و فەڕەنسا رەزامەندییان نیشاندا دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، ژمارەی سەربازەکانیان لەو وڵاتەدا زیاتر بکەن و شوێنی هێزەکانی ئەمریکا بگرنەوە.

چەند سەرچاوەیەک بە گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئەمریکایان راگەیاندووە: بەریتانیا و فەڕەنسا وەک دوو هاوپەیمانی ئەمریکا رەزامەندییان نیشانداوە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، ژمارەی سەربازەکانیان لەو وڵاتەدا زیاتر بکەن.

لێپرسراوێک لە ئیدارەی ئەمریکا بە فۆرن پۆلیسی راگەیاندووە: بەریتانیا و فەڕەنسا تاکە هاوبەشی ئەمریکان کە هەتا ئێستا هێزی وشکانییان لە خاکی سوریا هەیە و پابەندنیشن بەوەی ژمارەی هێزەکانیان بە رێژەی 10% بۆ 15% زیاتربکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتانی تریش ژمارەیەک هێزی سنووردار دەنێرنە سوریا، بەڵام لە بەرامبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت تێچووی هێزەکە بگرێتە ئەستۆ، هەروەها جگە لە بەریتانیا و فەڕەنساش، ئیتاڵیاش نزیکە لەوەی بریاری ناردن یان نەناردنی هێزی زیاتر بدات بۆ سوریا.

بەپێی میدیاکانی ئەڵمانیا، بەرلین داوای ئەمریکای سەبارەت بە نارندی هێزی وشکانی بۆ سوریا رەتکردووەتەوە. لە جەنگی سوریا، ئەڵمانیا تەنیا بە فڕۆکەی چاودێریکردن و فڕۆکەی سووتەمەنی هەڵگر و چەندین هاوکاریی سەربازیی بەشداریی لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا کردووە.

گۆڤارە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زیادکردنی ژمارەی سەربازە بەریتانی و فەڕەنسییەکان لە سوریا پێناچێت بە تەواوەتیی شوێنی سەربازە ئەمریکییەکان لە دوای کشانەوە پڕبکەنەوە، لە کاتێکدا چاوەڕواندەکرێت ئەمریکا ژمارەی سەربازەکانی خۆی لە سوریا لە 2000 سەرباز کەمبکاتەوە بۆ تەنیا 400 سەرباز، ژمارەی تەواوەتیی سەربازە فەڕەنسی و بەریتانییەکان لە سوریا تا ئێستا ئاشکرا نییە، بەڵام سەرچاوەیەک ژمارەی سەربازانی هەردوو وڵاتەکە لە نێوان 200 بۆ 300 سەرباز دەخەمڵێنێت.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لە کانونی یەکەمی ساڵی 2018 کشانەوەی سەربازانی وڵاتەکەی لە خاکی سوریا راگەیاند، ئەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایی بەدوایخۆیدا هێنا و جەیمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا و چەند لێپرسراوی تر بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەیان دا، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا بڕیاری کشانەوەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و پێشبینیش دەکرێت ئەمریکا ژمارەیەک سەربازی کەم لە سوریا جێبهێڵێت.