بەتۆمەتی گەندەڵی لێکۆڵینەوە لەگەڵ راکان جبوری دەکرێت

بەتۆمەتی گەندەڵی لێکۆڵینەوە لەگەڵ راکان جبوری دەکرێت

بەتۆمەتی گەندەڵی و خەرجکردنی بڕی 900 ملیۆن دیناری بودجەی پارێزگای کەرکوک بۆ خواردن، دەستەی دەستپاکی عێراق فەرمانی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک وەکالەت دەرکردووە، 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کوردسات نیوز کەوتوون: ھەرچەندە ڕاکان جبوری ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو چووەتە بەغداد و لەسەرەتادا داواکەی دەستەی دەستپاکی عێراقی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام دواتر پێی ڕاگەیەندراوەکە ئەگەر ئامادەی لێکۆڵینەوە نەبێت ئەوا ڕاستەوخۆ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەکرێت، بۆیە راکان جبوری بەناچاری ئامادەیی دەربڕیوە و بڕیاریشە بچێتە بەردەم دادگا بۆ لێکۆڵینەوە.

راکان جبوری بۆ پەردەپۆشکردنی کەیسەکە و خۆدزینەوە لە دادگا، ھانای بۆ زۆرێک لە سەرکردەکانی عێراق بردووە و داوای ھاوکاریی لێکردوون، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە کەیسەکەی بۆ پەردەپۆش بکرێت.

ئەوەش جاری دووەمە دەستەی دەستپاکیی عێراق فەرمانی لێکۆڵێنەوە بۆ راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت دەردەکات، بەڵام جاری پێشو بێ ئەوەی بڕواتە بەردەم دادگا کەیسەکەی بۆ پەردەپۆش کرا.