بۆ یەکەمین جار وێنەی راستەقینەی کونە رەشەکان گیرا

بۆ یەکەمین جار وێنەی راستەقینەی کونە رەشەکان گیرا

ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار لەرێی چەندین تێلیسکۆپەوە توانرا وێنەی راستەقینەی کونێکی رەش بگیرێت و ئاسۆیەکی تر بەرووی زانستی گەردوونناسی و تێگەیشتنی مرۆڤ لە گەردوون کرایەوە.

کونە رەشەکان یەکێکن لە دیاردە ناوازەکانی گەردوون کە ئێستاش تا ئاستێك هەندێك لایەنی ئەو دیاردەیە بە شاراوەیی ماونەتەوە، ئەمڕۆ لە هەوڵێکدا لەڕێی چەندین تیلیسکۆبەوە لە چەندین ناوچەی جیهانەوە کە بە (تیلێسکۆپی ئاسۆی رووداوەکان ناسراون) یەکەمین وێنەی راستەقینەی کونێکی رەش گیرا کە 55 ملیۆن ساڵی تیشکی لێمانەوە دوورە و رووبەرەکەشی 40 ملیار کیلۆمەترە و 3 ملیۆن جار هێندەی زەوی گەورەترە و 6 ملیار و 500 ملیۆن جاریش بارستەکەی لە خۆر گەورەترە و هەتا سوڕێکیش بە دەوری خۆردا تەواو دەکات، 200 ساڵی پێدەچێت.

پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ لە چەند کۆنفرانسێکدا لە چەندین ناوچەی جیاجیای جیهان، ئەنجامی ئەو هەوڵ و توێژینەوەیە راگەیەندرا بۆ وێنەگرتنی کونە رەشەکان، زانایان لەم هەوڵەیاندا لەڕێی کۆمەڵێك تەلیسکۆبەوە وێنەی دەوروبەری کونە رەشی "میسەر 87"یان گرت و دەرکەوت، ئەو رۆشناییەی لە دەوری کونە رەشەکەدایە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی گاز و خۆڵی دەوروبەری کونە رەشەکە.

حسێن رابی، مامۆستای فیزیا لە زناکۆی سلێمانی لەوبارەیەوە بە کوردسات نیوزی راگەیاند: ئەوەی لەم هەوڵەدا گرنگە ئەوەیە بە دیاریکراوی سنووری کونە رەشەکە و پێکهاتەی ئەو رۆشناییە ئاشکرابکرێت کە لە دەوروبەری کونە رەشەکەدایە.

وتیشی: ئەوەی لەم ئەزمونەدا گرنگە، دروستکردنی ئەو تاقیگەیەیە کە بەهۆیەوە دەتوانرێت لە ئایندەدا هاوشێوەی کونە رەشەکان، بۆ دۆزینەوەی لایەنە شاراوەکانی تری گەردوون بەکاربهێندرێت.

کونە رەشەکان چۆن دروست دەبن؟

کاتێك ئەستێرەیەک بارستەکەی 10 هێندەی بارستەی خۆری خۆمان بێت، لەکاتی تەواوبوونی تەمەنیدا لەڕێی کرداری (سوپەرنۆڤا)وە دەتەقنەوە و لەناودەچن و لە شوێنەکەشیدا ئەستێرەیەک بەجێدەمێنێت کە بە ئەستێرەی (نیوترۆنی) ناسراوە، دواتر ئەو ئەستێرەیە بەهۆی چڕبوونەوەی هێزی کێشکردنەوە بۆ ناوخۆی دادەڕمێت و لە شوێنی ئەستێرەکەشدا بۆشاییەک بەجێدەمێنێت.

کونە رەشەکان خاڵێکیان تێدایە کە بە "ئاسۆی رووداوەکان" ناسراوە کە هێزی کێشکردن هێندە تیایدا بەرزە بە خاڵی نەگەڕانەوە ناوی دەهێندرێت کە تەنانەت رووناکیش لێی دەربازنابێت.