بۆچی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا ترسیان لە رەوشی عێراق ھەیە؟

بۆچی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا ترسیان لە رەوشی عێراق ھەیە؟

لە نێو ئەو گرژی و ئاڵوزیانەی کە لە ناوچەکە و بەتایبەت لە نێوان ھەر یەکە لە ئەمریکا و ئێران بەم دواییانە ھاتووەتە ئاراوە، پێدەچێت عێراق پشکی شێری لە دروستبوونی ھەر گۆڕانکارییەکی ناوچەییدا بەر بکەوێت.  

ئێران و ئەمریکا ھەر یەکە بە جیا لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە ھەوڵیانداوە ھەژموون و پێگەی خۆیان لە عێراق بەھێز بکەن، ھەر ئەوەش وایکردووە ھەردوو لایەن کار بۆ زۆرترین پەیوەندیی سیاسی خۆیان بکەن، بەتایبەت لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەکان.

لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە، ھەمیشە ئەوە دەوترا کە لێدانی ئەمریکا لە رژێمی پێشووی عێراق، تەنھا دیاریەک بوو بۆ ئێران کە توانی لە رێی ھێزە شیعەکانی ئەو وڵاتە کار بۆ بەھێزبوونی ھەژموونی خۆی بکات.

ئێستا ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرەو ھەڵشکان دەچن، چ ئەمریکا و چ ئەڵمانیا بەھەستیارییەوە دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ بەغداد بکەن. 

ئەمەش بەتایبەت بەڕوونی لە سەردانە کتوپڕەکەی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق، وەک رۆیتەرز دەڵێت: ھۆشداری بەلێپراسراوانی عێراق داوە لە ھێرشی ھێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ھێزو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق.

کە دوا بەدوای ئەو ھۆشداریەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە: چەند گروپێکی چەکدار لە عێراق ھەڕەشیان بۆسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ئەمریکا دروستکردووە و بەنیازیشن بەشێک لە کارمەندی نوێنەرایەتییەکان لەو وڵاتە، بکشێننەوە.

ئەمە جگە لەوەی سەرچاوەیەک لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە: لە بەرامبەر ئەگەری پەلاماردانی ھێزەکانی ئەمریکا کە لە چەند بنکەیەکی سەربازیی عێراق جێگر کراون، ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی زنجیرەیەک رێوشوێنی ئەمنیی لەو وڵاتەدا، گرتووەتەبەر.

ھەستیاریی رەوشەکە تەنیا بۆ ئەمریکا نییە، بەڵکو وڵاتی ئەڵمانیاش بڕیاردا بە شێوەیەکی کاتی پڕۆسەی مەشق و راھێنانی بە ھێزە عێڕاقییەکان رابگرێت. کە بەپێی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا چەند ھێزو گرووپێکی نزیک لە ئێران لە ھەوڵی ھێرشی کتوپڕدان بۆ سەر چەند ھێزێک لەو وڵاتەدا. ھۆڵەنداش وەک دووەم وڵاتی ئەورووپی بەھەمان شێوە لە بەر ھۆکاری ئەرکەکانی وڵاتەکەی لە عێراق ھەڵپەسارد.

بەڵام وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە کاردانەوەی ئەم رەوشە نوێیە، وێڕای ئەوەی جەخت لە سەروەری خاکی عێراق دەکاتەوە، ئەوەش دەڵێت کە رەوشی عێراق جێگیرە.
رەوشی عێراق بەتایبەت لە دوای شەڕی تیرۆرستانی داعش و ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ساڵێک لەمەوبەر، بەرەو گۆڕانکاری گەروە ھەنگاو دەنێت، بەڵام لە ھەموو ئەو گۆڕانکاریە ناوچەییانەدا روون نییە کە پێگەو رۆڵی عێراق چی و چۆن دەبێت.