بڕیارەکەی ئەمریکا درێژەپێدەری جەنگی سوریایە

بڕیارەکەی ئەمریکا درێژەپێدەری جەنگی سوریایە
بڕیارەکەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی لەسوریا، باس و خواسی ناوەندەکان و میدیاکانی جیھانی بەدوای خۆیدا ھێناوەو لێکدانەوە بۆ ئاماژەکانی پشت بڕیارەکەی ترامپ دەکرێت،
 لەوچوارچێوەیەشدا گۆڤاری ناشناڵ ئینترستی ئەمریکی لەوتارێکدا بەناونیشانی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەسوریا چ واتایەکی بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارەکە باڵادەستی بەسێ لایەنی سەرەکی دەبەخشێت کە ئەوانیش ئێران و تورکیا و روسیان، لەبارەی ئێرانەوە ئاشکرایکردووە، ئەو بڕیارە ھاندەر نابێت بۆئەوەی ئێران ھەوڵی زیاتری ململانێی دەرەکی بدات، بۆ بەھێزکردنی ئەجێندای ناوچەیی خۆی، بەدیوێکی تریشدا ئێران نیگەرانە بەرامبەر بەو پەرەسەندنانەی پەیوەندییان بەچارەنووسی سوریاوە ھەیە، ئێرانیش لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێیوایە بڕیارەکەی ترامپ بۆ ئەوەیە یارمەتیدەری بێت تا ترامپ لەساڵی ٢٠٢٠دا جارێکی تر خۆی کاندید بکاتەوە، گۆڤارەکە ئاماژەی بۆ ئەو ئاراستە جیاوازانە کردووە کە لەئێراندا لەوبارەیەوە درووست بوون و خوێندنەوەی ورد بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا دەکەن، بە رای چاودێرانیش یەکێک لەپلانەکانی ترامپ بۆ کشانەوە بریتییە لەشکاندنی ئەو ھاوبەشییەی لەنێوان ئێران و روسیاو تورکیا لەسەر دۆسیەی سوریا ھەیە، پێیانوایە ترامپ بەبڕیارەکەی جەنگی سوریا درێژ دەکاتەوەو رێگەنادات ئەو سێ وڵاتە قەیرانی سوریا یەکلایی بکەنەوە، لەلایەکی تریشەوە کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئیمارات و کوەیت لەسوریا و سەردانەکەی عومەر حەسەن بەشیر سەرۆکی سودان و پێگەی سعودیەو ئامادەکارییەکانی بۆ بەشداریکردنی لەئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە، ئاماژەن بۆ دەستبەردارنەبوونی سعودیە لەسوریا و دەیەوێت لەداھاتوودا رۆڵی لەو وڵاتەدا ھەبێت.
 لەکۆتایی وتارەکەدا ئەوە خراوەتە روو کە ھەرچەندە تاران پابەندە بەوەی ئاڵۆزییەکانی سوریا کەمبکرێنەوە، بەڵام ئەمریکا روسیا و تورکیا دەخاتە لایەک و ئێرانیش بەتەنیا لەگەڵ دوژمنەکانی لەکەنداودا روبەڕوو دەکاتەوە.