بڕیاری راگرتنی مۆڵەتی دابەشکردنی زەوی بۆ دوو بەش نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە

بڕیاری راگرتنی مۆڵەتی دابەشکردنی زەوی بۆ دوو بەش نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە

بە بڕیاری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر مۆڵەتی دابەشکردنی زەوی بۆ دوو بەش راگرتووە و ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانیی هاووڵاتیان.

لەبارەی ئەم بڕیارەوە، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر دەڵێن: ئەم بڕیارە تەنھا خەڵکی ھەژار لێی زەرەرمەند دەبێت.

نیار عوزێری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند: ئێمە پەیوەندیمان بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێرەوە کرد، وا دیارە بڕیارەکە لە لە وەزارەتی شارەوانییەوە دەرچووە نەک سەرۆکایەتیی شارەوانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسا کە بڕیارێک لە وەزارەتەوە دەردەچێت، ئەنجومەنی پارێزگا ناتوانێت ئەو بڕیارە رابگرێت، بەڵکو پێویستە پەرلەمان بەدواداچوونی بۆبکات.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر وتیشی: بۆیە کاتێک بڕیارەکە لە وەزارەتەوە دەرچوو، ئێمە پێماننەکرا ھیچ مامەڵەیەک لەگەڵ بڕیارەکە بکەین." ھاوکات جەختی لەوەشکردەوە کە ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیاندا نییە، بە تایبەتی ھاووڵاتیی کەمدەرامەت.

لەلایەن خۆشیەوە غازی عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند: ھۆکاری ئەوەی خەڵکی نیو پارچە زەوی دەکاتە خانوو بۆ ھەژاری دەگەڕێتەوە.

راشیگەیاند: حکومەت کە ماستەرپلانی ھەر گەڕەکێک دادەنێت دەبێت بزانێت چی بۆ ئەو گەڕەکە پێویستە و دەشبێت بزانێت چ خەڵکێک لەو گەڕەکە نیشتەجێ دەبێت، بەڵام بەداخەوە بڕیارەکان پلانی وردیان بۆ دانانرێت بۆیە دواتر تووشی کۆمەڵێک گرفت دەبنەوە کە ھاووڵاتیش لێیان ناڕازییە.