ئەڵمانیا مەشقپێکردنی سوپای عێراقی راگرت

ئەڵمانیا مەشقپێکردنی سوپای عێراقی راگرت

بەھۆی زیادبوونی پشێوییەکانی ناوچەکەوە، ئەڵمانیا مەشقپێکردنی ھێزەکانی سوپای عێراقی راگرت و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بەنیازە ژمارەیەک لە کارمەندی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە و پێدانی ڤیزاشی بەشێوەیەکی کاتیی راگرت.

ئەمڕۆ چوارشەممە وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند: سوپای ئەڵمانیا بەھۆی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوجەکەوە، مەشقپێکردنی سوپای عێراقی راگرت. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، لە داهاتوودا مەشقپێکردنی سوپای عێراق لەلایەن سوپای ئەڵمانیاوە دەستپێدەکاتەوە.

لەلایەکی تریشەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: چەند گروپێکی چەکدار لە عێراق ھەڕەشیان بۆسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ئەمریکا دروستکردووە و بەنیازیشن بەشێک لە کارمەندی نوێنەرایەتییەکان لەو وڵاتە بکشێننەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پێدانی ڤیزا بە ھاووڵاتیانی عێراق لە بەغداد و ھەولێر، بەشێوەیەکی کاتیی راگیراوە.

راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، کە دووشەممەی رابردووش، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد داوای لە ھاووڵاتیانی وڵاتەکەی کردبوو لەم رەوشەی ئێستادا سەردانی عێراق نەکەن و ئەو ھاووڵاتیانەی کە ئێستاش لە عێراقن، بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، سەردانی ماڵپەڕی باڵیۆزخانەکە بکەن.