ئەنجومەنی پیران ھاوکاریی ئەمریکا بۆ سعودیە رادەگرێت

ئەنجومەنی پیران ھاوکاریی ئەمریکا بۆ سعودیە رادەگرێت

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لەرێی پڕۆژەبڕیارێکەوە کە رەزامەندیی لەسەر دەربڕیوە، داوادەکات ئەمریکا ھاوکارییەکانی بۆ ھاوپەیمانیی عەرەبی لە جەنگی یەمەندا رابگرێت، کۆشکی سپیش رایگەیاندووە: ترامپ مافی بەکارھێنانی ڤیتۆی دژی ئەو بڕیارە ھەیە.

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا کە کۆمارییەکان زۆرینەن تێیدا، گورزێکی لە سیاسەتەکانی دەرەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا وەشاند و پشتگیریی پڕۆژەبڕیارێیک بۆ راگرتنی ھاوکاریکردنی سعودیە لە جەنگی یەمەن دەکات.

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە کۆی 56 دەنگ بەرامبەر بە 46 دەنگی ناڕەزایی، رەزامەندی لەسەر پڕۆژە بڕیارێک دەربڕی کە داوا لە ترامپ دەکات ھاوکارییەکانی بۆ ھاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە، رابگرێت و ھێزە چەکدارەکانیشی لە ماوەی 30 رۆژدا لە یەمەن بکشێنێتەوە. ھاوکات بڕیارەکە سزادانی ئەو کەسانەشی لەخۆگرتووە کە رێگری لە گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ یەمەن دەکەن.

ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی پیران بە گورزێکی ھەردوو پارتی دیموکراتی و کۆمارییەکان دادەنرێت بۆ سیاسەتەکانی دەرەوەی ترامپ و پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ ریازدا، چونکە ئەو چەکەی سعودیە لە بۆردوومانکردنی یەمەن بەکاریدەھێنێت، لەلایەن ئەمریکاوە پێی فڕۆشراوە و ھاوکات سوپای ئەمریکاش پشتگیریی لۆجستی و ھەواڵگریی بۆردوومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی بۆ سەر یەمەن دەکات.

پێویستە ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی پیران لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە پەسەندبکرێت و دواتر رەوانەی کۆشکی سپی بکرێت، بە دووریش نازانرێت ترامپ ڤیتۆ دژی ئەو بڕیارە بەکاربھێنێت، لە ئەگەری بەکارھێنانیشیدا ئەوە دەبێتە یەکەمین جار کە ترامپ لە کاتی دەستبەکاربوونیەوە وەک سەرۆکی ئەمریکا، مافی ڤیتۆ دژ بە بڕیارێکی کۆنگرێس بەرکابھێنێت.

جەنگی یەمەن 4 ساڵ لەمەوبەر لە ساڵی 2015 بە سەرۆکایەتیی سعودیە و ھاوکاریی ئەمریکا دەستیپێکرد، ھاوپەیمانییەکی عەرەبیش بۆ بۆردوومانکردنی ئەو وڵاتە پێکھێندرا. بەھۆی جەنگی ئەو وڵاتەشەوە، گەورەترین قەیرانی مرۆیی لەو وڵاتەدا دروستبووە و نزیکەی 16 ملیۆن ھاووڵاتی لەسەر لێواری تووشبوونن بە برسێتی بوون و لە نێویاندا 400 ھەزار منداڵ و زیاتر لە 3 ملیۆن ئاوارە ھەن.