ئەنجومەنی نوێنەران ھەمواری یاسای بودجەی 2019ی پەسەندکرد

ئەنجومەنی نوێنەران ھەمواری یاسای بودجەی 2019ی پەسەندکرد

ئەنجومەنی نوێنەران ھەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2019ی پەسەندکرد و بڕگەی تایبەت بە ناردنی مووچەی ھەرێم لە ئەگەری رادەست نەکردنی نەوت لە بودجەی 2019دا وەک خۆی مایەوە.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند: دەنگدان لەسەر ھەمواری ماددەی 56 لە یاسای بودجەی 2019 کرا کە پێویست بوو حکومەتی فیدراڵ تا 30 حوزەیران ھەموو ئەو پۆستە سیادیانەی بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن پڕبکرێنەوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی لەو ماوەیەدا پۆستەکان پڕنەکراونەتەوە ئەو ماددەیە درێژکرایەوە بۆ رۆژی 24 ی تشرینی یەکەمی 2019 و دەبێت تا ئەو کاتە ھەموو ئەو پۆستە بەتاڵە پڕبکرێنەوە.

وتیشی: ھەندێک لە پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنە جیاوازەکان ھەوڵی ئەوەیاندا بڕگەی "ج" لە ماددەی 10 ھەموار بکرێتەوە کە تایبەتە بە ناردنی مووچەی ھەرێم لە کاتێکدا ئەگەر حکومەتی ھەرێم نەوتیش رادەست نەکات، بەڵام دەنگی نەھێنا و ئەو بڕگەیە وەک خۆی لە بودجەی 2019 دا مایەوە.

شیروان میرزا جەختی لەوەشکردەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران داوایکرد رۆژی پێنجشەممە وەزیرانی دارایی و نەوت و نوێنەری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەن ئامادەبن.