ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا زیانلێکەوتووانی لافاو قەرەبوو بکرێنەوە

ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا زیانلێکەوتووانی لافاو قەرەبوو بکرێنەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەزامەندی لەسەر پێشنیازێک دەربری بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی ئەم دواییە کەچەند ناوچەیەکی عیراق و ھەرێمی کوردستانی گرتەوە.

لەو بارەیەوە مەریوان نادر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەکوردسات نیوز-ی راگەیاند: لەکۆبوونەوەیەکدا کە رۆژی شەممە 3/14 لەھۆڵی دەستوریی پەرلەمانی عیراق بەئامادەبوونی ئەندامانی ھەردوو لیژنەی یاسایی و نەزاھەی پەرلەمان بەرێوەچوو تاووتوێی پرسی زیانلێکەوتووانی لافاو کرا کەبەم دواییانە لافاو چەندین ناوچەی لەعیراق و ھەرێمی کوردستانیش گرتەوە و زیانی ماددی بەھاووڵاتیان گەیاند.

مەریوان نادر راشیگەیاند: پێشنیازەکە لەلایەن پەرلەمانتارانی پارێزگای میسانەوە پێشکەش کرابوو.وتیشی ئێمە وەک نوێنەری کەرکوک پشتیوانی پێشنیازەکەمان کرد و پێشنیازەکەش لەلایەن ھەردوو لیژنەی یاسایی و نەزاھەی پەرلەمانەوە پەسەند کرا و پاشان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا و لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە دەنگی لەسەر درا و پەسەند کرا کەزیانلێکەوتوانی لافاوەکە بەگشتی قەرەبووبکرێنەوە.

مەریوان نادر ئەوەشی پێ راگەیاندین دوای پەسەندکردنی ئەو پێشنیازە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی ئەم دواییە ئەرکی حکومەتی عیراقە قەرەبووی ئەو کەسانە بکاتەوە کەزەرەرمەند بوون.رونیشی کردەوە وەک نوێنەری کەرکوک داوامانکرد قەرەبوەکە زیانلێکەوتوانی کەرکوک و پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

مەریوان نادر ئەوەشی وت: پێشتریش ئەوان بەراپۆرتێک سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عیراقیان لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە لەئاکامی بارابارین و لافاوی ئەم دواییە ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتیی کورد لەسنوری تەقتەق و پردێ زەرەرمەندبوون و بەھۆی لافاوەکەوە ژمارەیەک ھاووڵاتی کێڵگەی ماسی و بەروبومی کشتوکاڵی و ماڵ و حاڵیان کەوتۆتە ژێر ئاوەوە و زەرەرمەندی ماددی بوون و پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە و داواشمان کردوە کەرێگای کەرکوک- کۆیە نۆژەن بکرێتەوە کە ئەویش بەھۆی لافاوەوە زیانی بەرکەوتووە.