ئەنجومەنی نوێنەران ھەوڵ دەدات عەبادی بانگھێشتی ئەنجومەنەکە بکات

ئەنجومەنی نوێنەران ھەوڵ دەدات عەبادی بانگھێشتی ئەنجومەنەکە بکات
مانەوەی ئەو ھێزەی ئەمریکا کە لە عێراق ھەیەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مشتومری زۆری لە ناوەندە سیاسییەکاندا دروست کردووە ، ئەگەرچی ھێشتا مەترسی تیرۆر بە تەواوەتی نە رەویوەتەوە لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەران داوا لە " حەیدەر عەبادی " سەرۆک وەزیر دەکات کە ھەڵوێستی خۆی لەبارەی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا یەکلایی بکاتەوە .
"حەسەن سالم" ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری رایگەیاندووە کە لەناو ئەنجومەنی نوێنەران جوجۆڵێک ھەیە بۆ ئەوەی عەبادی بانگھێشتی بەردەم ئەنجومەنەکە بکرێت بۆ ئەوەی ھەڵوێستی خۆی لەبارەی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق یەکلایی بکاتەوە .
چەند رۆژێکیش لەمەوبەر  رۆژنامەی "یو ئێس ئەی" تودەی ئەمریکی ئاشکرای کرد کە دانوستان لە نێوان واشنتۆن و بەغداد دا ھەیە بۆ ئەوەی لە دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی داعش ٥٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لە عێراق بمێننەوە.
"شوان داودی" ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پرسێکی ھەستیارە و نوێنەرانی کورد ھیچ ھەڵوێستیان لەسەر ئەو پرسە نیە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەجێندای وڵاتانی ھەرێمیش کاریگەری لەسەر ئەو بابەتە ھەیە .چاودێرانی سیاسی پێیان وایە  وروژاندنی ئەو بابەتە لە ئێستادا بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقە ئەوپارتە سیاسیانەی کە لەگەڵ ئەوەدا نین عەبادی بۆ خولێکی تر ببێتەوە بە سەرۆک وەزیر ئەو بابەتە بۆ دژایەتی کردنی بەکار دەھێنن بە تایبەت کە عەبادی ھەڵمەتی قەڵاچۆکردنی گەندەڵی دەستپێکردووە .
دوای سەرھەڵدانی داعش ئەمریکا ژمارەیەک لە یەکە تایبەتییەکانی رەوانەی عێراق کرد بۆ مەشقپێکردنی ھێزە عێراقییەکان  ، ئەو ھێزانە بنکەی سەربازییان لە چەند ناوچەیەکی عێراق ھەیە و رۆڵی گرنگیان ھەبووە لە مەشقپێکردن و راھێنانی ھێزە عێراقییەکان لە جەنگی دژ بە تیرۆردا .ئەگەرچی ئەمریکا بە تەواوی ژمارەی ھێزەکانی خۆی لە عێراق ئاشکرا نەکردووە بەڵام بەپێی شیکردنەوەی راپۆرتەکانی پنتاگۆن ئەمریکا نزیکەی ١٠ ھەزار سەربازی لە عێراق ھەیە ، کۆتایی مانگی رابردوو "رۆبێرت مانین" وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند کە لەبەر مەترسی ئەمنی ناتوانن ژمارەی سەربازەکانیان بە تەواوی لە عێراق ئاشکرا بکەن .